کامل
کامل گیان هەرگیز لەبیرم ناچیتەوە
لە کتێبی:
ئاگر و ژیلە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
5 خولەک
1046 بینین
ئەی باڵندەی شیعری غەمگین
با پێکەوە بکەین بەشین
گریانێک بگرین گەرم و گوڕ
ئەسرین بڕێژین لێڵ و خوڕ
وەرە ناو هێلانەی دڵم
گوێ بگرە لە گریەی کوڵم
بزانە چۆن فرمێسکی لێڵ
ئەڕژێتە سەر ڕووم گەرم و وێڵ
دەخیلت بم پێنووسەکەم
تێر بۆم بنووسە بە ماتەم
بنووسە لە هەڵبەستی ورد
بۆ ئەو یادەی دڵی سست کرد
بۆ ئەوانەی جەرگیان بڕین
دێڕی شینیان بۆ ئەنووسین
ئەی باڵندەی ئاوازی هەست
با بگری دڵی مات و پەست
خوێنی جێ پەنجەی لە خۆدان
فرمێسکی چاوی پڕ لە ژان
دڵۆپ دڵۆپ لەسەر ڕووی ژین
ئەنووسن شیعر و دێڕی شین
کە بای خەزان گوڵی وەران
خونچە دەست ئەکا بە گریان
ئەی کە خونچەی ناسک وەری!؟
خەڵکینە تەخوا کێ بگری!
ئەبێ دار و بەرد و دەوەن
شەخەڵ و ڕووبار و مەڵبەن
ئەبێ چڵ و وشکە گەڵاش
تووتڕک و بنچک و پەڵاش
ئەبێ پاییزیش و هوزار
بگرین بەسۆز، بەکوڵ، بەزار
بۆ کۆچی کاملی ئازیز
ئەگرین گوڵاڵەش و پاییز
لە سیروان جلی ڕەنگاوڕەنگ
ئەگەڕێ بۆ کاملی شەنگ
پارچەی کراسە سپییەکەی
لەگەڵ دوگمە و چمک و یەخەی
ئەگەڕێن بن دارە و بن دار
بۆ کاملی شۆخی نازدار
نازانن لە ژێرخانا بوو
مرد و،....، گڕ لە دڵمان بەر بوو
لە تاریکیی «ژێرخانێکا»
ئاو وەک گوللە دڵی پێکا
کامل گیان دایکیشت نەما
ئێستە بەکوڵ لە خۆی بدا
بەڵام شارەکەمان بەگشت
بۆ کۆچی تۆ فرمێسکیان ڕشت
شێوان بوو کاتێکی ناوەخت
پێش هێرشی ڕەهێڵەی سەخت
کراس و کەلوپەلی و جل
هەمووی دانابوو کاک کامل
بڕوا بۆ خوێندنێکی بەرز
لەپڕ ئاسمان کە هاتە لەرز
دڵی گەنجی نایە ژێر خۆڵ
لەگەڵ لاشەی دایکی کڵۆڵ
لافاو کە گەیشتە هەیوان
دوو گیانی پێکەوە فڕان
کاملی ئاخنییە ژوور
دایکیشی ڕاماڵی بۆ دوور
وەکوو پەنا بەرێ بۆ شار
کامل گیانی بکەن ڕزگار
یادی کاملی لاوی ژیر
زۆر لاوم دێنێتەوە بیر
شەوێکی هێنامەوە یاد
کە چۆن کوڕێکی دڵ ئازاد
لاوێکی ئازای شۆخ و شەنگ
نیشتمانپەروەرێکی مەنگ
پەرچەمە زەردەکەی بە خوێن
سوور کرد و بەردی کرد بە نوێن
نەخشێکی ئاڵی کرد لە ڕووی
نووسیبووی ئەی لاو نەمردووی
وەک قارەمانێکی نەمر
لە پارچەی دڵ قەمە و ئاگر
دارەمەیتێکیان بۆ نەخشان
بوو بە میوانی شەهیدان
کامل یادی ئەوی هانی
بە پەردەی گوێما چرپانی
کە چاوم لێکنا بە بێدەنگ
کاروانی شەهیدانی شەنگ
هاتن بە وردی تێپەڕ بوون
گڕ بەر بوو لە بێخی دەروون
ئەی «فائزە»ی پەرچەم زێڕین
«سۆزان»! ئەی فریشتەی شیرین
یادی ئێوە لەگەڵ سەرکۆ
لە دڵمانا بوو بە پشکۆ
چۆن؟ بوون بە گوڵی ئەرخەوان!؟
بە خونچەی گوڵاڵەی سەیوان!
بۆچی دەمی بچکۆلە و سوور
پەنجەی ناسکی وەک بلوور
ببن بە تۆوی پەرشی گڵ
ببن بە نێرگز و بە گوڵ!!
کاروانی مەرگ بەرەو نەمان
کەوتە ڕێ پیر و کچی جوان
کاملی سەرقافڵەچی مەرگ
گڕی بەردا لە دڵ و جەرگ
ئەم بەهارە گوڵاڵەی هەرد
هەر دەم ئەبێ و کوڵمی بێگەرد
ئنجا، کەی! لە لای ئێمە گوڵ
هەر ڕوومەت نەبووە و پەڕەی دڵ؟!
کامل: ئەی خۆشەویستی لاو
لە ورشەی زەردی خۆرەتاو
لە دڵۆپی شەونمی ورد
لە پەڵەی گوڵاڵەی سەر گرد
لە بریسکەی خونچەی ناسک
ساماڵ وەک دەسماڵی تەنک
لە ئەستێرەی بە ورشە و شین
لە بەهاری تەڕ و ڕەنگین
لە گشت جوانییەک وەرئەگرم
ئێکلیلێکتان بۆ ئەچنم
ئەیهێنم بۆ سەیوانی خەم
لەوێ تێر شیوەن ئەکەم
گۆیژەی غەمگینی گەردنکەش
هەوری بۆر ئەگرێتە باوەش
وەک نەیەڵێ بچن بۆ شار
بیکەن بە قریشکە و هاوار
دیسان کوڵم و چاو و برۆ
ڕادەن بۆ چەمی تانجەرۆ
دڵی لاوی پڕ ئارەزوو
وەکوو غونچەی نەپشکوتوو
تووڕ دەن بۆ ناو ئاوی بەسام
لەگەڵ تاسە و هیوا و مەرام
پیرەمەگروونی مات، دڵتەنگ
ئەنواڕێتە ئاسمانی مەنگ
وەکوو تۆڵەی کوردی بوێ
دڵی دەروونی ناسرەوێ
ئەنواڕێتە گۆیژەی نازدار
پاڵپشتی شاری مات، خەمبار
وەکوو بڵێ ئەی گۆیژەی جوان
بۆ ڕێت دا بە تەرزە و باران
هێرش بەرن بۆ شاری کورد
شیوەن تیژ کەن بۆ گەورە و ورد
کامل: وێنەی شیرینی ڕووت
هی ڕووی گەشی تازە پشکووت
بە تیشکی گزنگی قەدپاڵ
بە ورشەی گەلاوێژی کاڵ
کێشراوە لەبەر چاوی من
تا ماوم هەرگیز نابێ ون
شەرت بێ لە سەیوانی دەروون
گۆڕتان بۆ بکەم بە ئاڵتوون
گۆڕێک لە زێڕی خۆشویستن
لەبیرمانن تاکوو مردن
ئێوارە بوو سوپای کوشتن
کەوتە قەڵاچۆی گیان کردن
ئاوازەی ئەو ڕۆژە تاڵە
گریان بوو، زریکە و ناڵە
لە خۆدان، هی سنگی ناسک
دەنگدانەوەی گریە و هەنسک
نەغمەیەکی وایان لێدا
بەندی دڵ تاڵ تاڵ ئەپسا
زۆر عرووسیی خنجیلانە
ئێستە کەلاوەی وێرانە
ئەو شوێنانەی مناڵی ورد
بەپۆل یارییان تیا ئەکرد
ڕۆچوونەتە جەرگی زەمین
وەک گۆڕی بەر لێزمەی بەتین
چۆلەکەی سەر درەخت و بان
هی سەر گوێسەبانە و هەیوان
یان لەسەر بانیژەی ڕووخاو
ئێستەش کاسەن لەتاو لافاو
ئەوانیش خوێندنیان غەمە
نەغمەی وتنیان ماتەمە
***
ئەی کامل: بە چاوی گەشت
بە گلێنەی چاوی ڕەشت
بە کچی خنکاوی شیرین
بەو دڵانەی بۆتان ئەگرین
سوێند ئەخۆم بە سەیوانی ئاڵ
زریکەی دایک بۆ مناڵ
لەبیرمانن ئەی کاکە گیان
هەر فرمێسک ئەڕێژین بۆتان
ئەی یادی لافاوی خوێنڕێژ
بووم بە شاعری شیوەن بێژ