تۆسقاڵێک لە دڵم
ئەو بانگی دڵدارییەی کە لە کوڵی دڵەوە دێتە دەرێ پیرۆزە. جوانی پەرستیم ئەوێ نەک پارەپەرەستی
لە کتێبی:
ئاگر و ژیلە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
1 خولەک
900 بینین
ڕاتگرت گەردنی شەرمت لار
داوات کرد ئەی کچی نازدار
بۆت بڵێم شیعرێک بەجۆش بێ
ئێجگار بە لەززەت و خۆش بێ
باسی گۆنات بێ، هی پەنجەت
هی باڵاکەت، لار و لەنجەت
ڕوومەت و سنگ و چاو و دەم
سەرلەوحە بن بۆ شیعرەکەم
بەڵام لە کوێ، بێنم شیعرێ
وەسفی شێوەی تۆ هەڵبگرێ
کوا شیعرێک وەک قژی خاوت
وەک پرشنگی نیگای چاوت
وەک لەرینی کوڵم و سنگت
خونچەی دەمی پڕ ئاورنگت
وەک تۆ جوان و ڕەنگاوڕەنگ بێ
وەک بەژنت وا شۆخ و شەنگ بێ
گیانە شک نابەم لەلام بێ
دێڕێک پڕ لەززەت و تام بێ
شیعرێک بێ پڕ مۆسیقا بێ
دەنگی بەجۆشی تۆی تیا بێ
جگە لەمەش ئەی ڕوومەت گوڵ
«شیعر تۆسقاڵێکە لە دڵ»
کەواتە ها دڵی ئاگر
لەجیاتی یەک دوو دێڕ شیعر