ئەوا جێت دێڵم ئەی دایە بە عومری بیست و یەک ساڵە

پێ سپێری
لە کتێبی:
دیوانی ئەخۆل
بەرهەمی:
ئەخۆل (1911-1988)
 1 خولەک  423 بینین
ئەوا جێت دێڵم ئەی دایە بە عومری بیست و یەک ساڵە
لە بێخ و ڕیشە دەرهاتم وەکوو لالە و گوڵی ژاڵە
لەسەر تابووتەکەم توخوا بڕێژە ئەشکی وەک زمڕووت
بگاتە لای خووا ئاهـ و هەناسە و گریەت و ناڵە
بە دەنگی بەرز و ناڵەی دڵتوێن، بەم جۆرە بۆم بگری:
کوڕم ڕۆ، ڕۆڵەکەم ڕۆیە، شەهیدە و کفنەکەی ئاڵە
ئەوا من خۆم بەجێم هێشتی بەڵام ئەی دایە گیان توخوا
فیراقی من لە دڵ دەرکە، خەفەت زۆر ناخۆش و تاڵە
ئەگەر من خۆشەویستت بووم، بە یادی من هەموو جارێ
بچۆ لای دولبەرم ماچ کە لەجێی من ئەو دەم و خاڵە
ئەگەرچی جەور و قەهری ئەو بووە قاتڵ بە کوشتی دام
بەڵام زینهار دەخیلت بم دڵی مەشکێنە منداڵە
مەڵێن دیوانە بوو خۆی کوشت لە ڕێی عەشقا کە وا ڕۆییم
لەسەر مەیتم بکەن شینم شەهیدم کفنەکەم ئاڵە