ئەگریم بەکوڵ بە زارەوە بە جەرگی داغدارەوە

پێنج خشتەکی لەسەر غەزەڵێکی مامۆستا زێوەر
لە کتێبی:
دیوانی ئەخۆل
بەرهەمی:
ئەخۆل (1911-1988)
 2 خولەک  670 بینین
ئەگریم بەکوڵ بە زارەوە، بە جەرگی داغدارەوە
وەک بولبولی بەری بەیان بە باغ و جویبارەوە
بۆ شەونمی گوڵی ئەمەل بە لێو و کوڵمی یارەوە
«تکانی ئابڕوی چەمەن بە ڕویی لالەزارەوە
شکانی نرخی نەستەرەن بە زوڵفی حشکبارەوە»
ئەی سروەکەی دەمی سەحەر بڵێ بە یار لەپاش سەلام
گەر بچمە بەزمی خوسرەویش بۆ من نییە سود و مەرام
سەرخۆشی چاوەکەی ئەوم نەک مەستی بادە و مەدام
«چمە لەمەی، لەنەی، لە جام، ئەگەر بەلەنجە بێتە لام
بە ڕوویی ئابدارەوە... بە چاوی پڕخومارەوە»
با دامبنێن لەسەر تەخت لە لالەزاری ئیرەما
ساقی هەموو غیلمان و مۆر بادەش لەناو جامی جەما
ئاواتی تۆ هەر باقییە لە توێی دەروون و سینەما
«عەرەق نییە لە عالەما کە لابەرێ لە دڵ غەما
جگە لە قەترە عارەقێ لە ڕووت کە دێتە خوارەوە»
تا کەی لە دەس گەردوونی دون هەر گریە بێ نسیبی من
ڕەحمێ بکە بە حاڵەکەم ئەی شۆخی دڵ فریبی من
وا چاوەڕێیە پڕ لە غەم دڵەی وێڵ و غەریبی من
«نیگارەکەی حەبیبی من، ئەزیزەکەی تەبیبی من
با شەقبەرێ ڕەقیبی من وەرە بەسەد ویقارەوە»
نەک هەر بە تەنیا شوورەیی بە ملکەچی و خەجیلەوە
خەمین بە نیرگس و گوڵ بە مێخەک و سمێڵەوە
شەوبۆ بە بۆن و شەونمی لالە بە داخی دڵیەوە
«فیدایی خەد و قەدی تۆ چەمەن بە فەوجی گوڵیەوە
بە بلبل و چڵیەوە... بە قومریی و هوزارەوە....»
هەر تۆم ببێ لە عالەما ئیتر چیمە لە جاهـ و فەڕ
قوربانی یەک تەبەسومت یاقوت و ئەڵماس و گەوهەر
پێناوی لار و لەنجەکەت ژیان و ماڵ و گیان و سەر
«فیدایی زوڵفی عەنبەرت هەموو وڵاتی گوڵ عومەر
بە عەرد و بەرد و دارەوە بە ئاوی سەرچنارەوە»
بۆ وەسفی تۆ ئەوەند ئەڵێم لە عالەما کە نادری
بە عیشوەتر بە غەمزەتر لە حۆری شۆخ و شەنگتری
لەگەڵ زێوەرکەس هەر چیم کە وت لەوەش گەلێ باڵاتری
«ئەمن گیانمە ئەنوەری فنوونی شیعر و شاعری
ئەتۆ گەیانتە سامری بە چاوی سحرکارەوە»