وەرن یاران تەماشا کەن لە حاڵم چەن پەرێشانە
فرمێسکێک
لە کتێبی:
دیوانی ئەخۆل
بەرهەمی:
ئەخۆل (1911-1988)
2 خولەک
1007 بینین
وەرن یاران تەماشا کەن لە حاڵم چەن پەرێشانە
لە لایە ڕۆیینی یارم لە لایە شین و گریانە
چە خاکێ کەم بەسەر خۆما کە ڕۆی ئەو بێوەفایەم وا
بە تەنها مامەوە بێکەس بە دائیم حاڵم ئەفغانە
دەسا تەدبیر و ڕاهێ کەن لەپاش یارم ئەمن چیبکەم
ئیتر عەیشی هەموو دنیا لەلای من قەهر و هیجرانە
چە شۆخێ بوو چە ڕۆحێ بوو دڵی سووتانم و ڕۆیی
لە قەسری سەرکەشی ئەفلاک خراومە چاهـ و زیندانە
تبیبی بێڕەحم کوانێ چە ڕێیەک کەوتە بەر یارم
نیشانی من بدەن ئیشم وەکوو پەروانە سووتانە
لە شەوقی ڕوومەتی ئاڵی کە دڵمی کردە بریانی
لەسەر ئەم حاڵە شێواوەم نیشاریشی دڵ و گیانە
ئەوی ساتێ لەبەر دەمیا کە ڕابردوو زەلیلن گشت
بەڵام هیچ کەس وەکوو من قەت نەبوو وا خانەوێرانە
وەسییەت بێ ئەگەر مردم بزانن من کە کوژراوم
بە دوو لێوی وەکوو یاقووت و زوڵفی چین چینانە
مەکەن کفن و نەدفنم کەن لە سەحرادا فڕێم دەن با
ببمە خۆراکی تەیر و توور و شێر و هەم پڵنگانە
ئەوەندەم قەهری دنیا خوارد نەماوە تاقەت و سەبرم
لە قەبریشا جەوابێ بەم خوا ڕەحیم و ڕەحمانە
لە ئەحمەدناسناوی ئەدەبی هیچ غەڵەت مەگرن حەققە هەرچی بکا حەققە
ئەوی دەربارەیی بکرێ ڕەحم هەم لوتف و ئیحسانە