مەست بووم بە نەشئەی شیرین خەیاڵێ

شەماڵ
لە کتێبی:
دیوانی ئەخۆل
بەرهەمی:
ئەخۆل (1911-1988)
 2 خولەک  846 بینین
مەست بووم بە نەشئەی شیرین خەیاڵێ
ناگاهـ دای لە ڕووم کزەی شەماڵێ
بەڵام شەماڵ چی وەک ئاگر بەتین
هێنایەوە سوێ زامانی دێرین
وتم: بە شەماڵ، شەماڵی ئازیز
جوانی بەهار و ماتەمی پایز
خۆ تۆ فێنکیی دڵزامارانی
یەکە هاوڕازی بەری بەیانی
ئێستاکە بۆچ وا پڕ تینوتاوی؟
وەک کڵپەی ئاگر بڕ لە هاڵاوی
وتی: دوێنێ شەو لەبەر بەیانا
لە وەختی ڕازی قومری و گوڵانا
ئەشنامەوە شێنەیی و سەربەست
لە شاخ و داخ و جێگای بەرز و پەست
ڕۆییم بەسەر چەن باخ و گوڵزارا
بەسەر چەن میرگ و چەن مێرغوزارا
گاهێ گوڵانم ئەگەشانەوە
تاوێ چڵانم ئەلەرانەوە
تێپەڕیم بەسەر کۆشک و تەلارا
بەسەر هێلانەی کپی دڵدارا
کاکۆڵ و پەرچەم ئەشەکانەوە
ماندووی ڕێبوارم ئەحەسانەوە
بەشنەشن و سروەی ئەسپایی
گوڵ و گیام خستە هەڵپەڕکێ و شایی
کاتێ سەیرم کرد لە بنەماڵێ
وا نەوجەوانێ گەردن پڕ خاڵێ
سەرتاپا ڕەشپۆش بە دەنگی نووساو
وا بەکوڵ ئەگری دڵ ئەکا بە ئاو
پرسیم ئەی جەوان چییە ئەم حاڵە
بەم تەنهایییە لەم بنەماڵە؟؟
بە یەک هەناسەی شەڕارە بزوێن
بە دوو دڵۆپی فرمێسک وەک خوێن
سەری هەڵبڕی و زۆر بەکەسایی
پرسی بەڕاستتە تۆ من ناناسی؟
وتی: وەتەنم بێ پشتیوانم
بێ جگەرسۆز و ڕۆڵە و باوانم
وا بێ ناز کەوتووم ئەگریم بۆ شادی
تا لەبەر ئەکرێم بەرگی ئازادی
ئەوەم دی شنەی خۆم نا بەلاوە
شێوەی ئەوم گرت بەسەر دنیاوە