وەک بارزانی نابێتەوە

یادی یازدە ساڵەی کۆچی بارزانی
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  872 بینین
بارزانی باوکی پیرۆزم
جێی فەخر و شانازیی هۆزم
ئەوە ماوەی یازدە ساڵە
کە لە من سەد هەزار ساڵە
هەر بە ڕواڵەت لێم تەریکی
وەکی دیش هەر لێم نزیکی
لە تۆ دوورەدیدار ماوم
خۆشم نازانم چۆن ژیاوم
خەمی دووریت کردی کارێ
ئۆقرەم نییە بەهیچ بارێ
هێندەی دوور لە تۆ مامەوە
لە توونی خەم تاوامەوە
نەما هێز و پێز و توانم
کە لەلام، بێ سەر و زوانم
لەسوێت وا کزە سۆماییم
ناتبینێ چاوی ئاساییم
بە گوێ لە بەختی نەگریسم
ناشیم فەرموودەت ببیسم
نامکرێ وەک جاری جاران
بێمە لات وێڕای هەژاران
یەک یەک بەسەرمان کەیەوە
دڵخۆشیمان بدەیەوە
بەڵام لەگیانی نزارم
لە دیدەی دڵی پەژارم
ون نابی و هەرگیز ون نەبووی
من بێ تۆ تۆش بێ من نەبووی
شەو بەخەو یا بە بێداری
های لە لام و تۆم لێ دیاری
لە دنیا هەر تۆ دەبینم
بۆ بوویە رووگە بۆ ژینم
تا باسی خاوەن هونەران
کە هەڵکەوتوون لە هەر دەران
لە کتێبان وەدەخوێنم
لە وێنەی تۆ ڕادەمێنم
لە هەمبەر تۆیان ڕادەنێم
گورجێ گشتیان وەلا دەنێم
لە بەزەیی بە هەژاران
کۆڵ نەدان لە ڕووی بەدکاران
لەمپەری ستەم پەڕاندن
گەل بۆ ئازادی بزواندن
لەسەر فەقیر فیز نەنواندن
دڵی خوێنمژان تۆقاندن
وەفاداری دەگەڵ یاران
هانا و پەنا بۆ هەژاران
نەمدیوە کەس وەکوو تۆ بێ
ناشێ هیچ کەسیش ولۆ بێ
لەوساوە دنیا دنیایە
هاوتای بۆ تۆ پێ شک نایە
کاکە بارزانیی رێبەرم
ئەی تانجی سەرم، سەروەرم
لەو ماوەی، ئێوە کۆچو کرد
ئەگەر پرسیار بکەی چو کرد
لەو ساوە بۆ لای خودا چووی
لە ئێمە تەرکە دینا بووی
دوور لەتۆ سێوی ماینەوە
سیس بووین و نەبووژاینەوە
هات و بەختمان وەرکەوتن
دوژمنمان لێ وەخۆ کەوتن
لە ئاوای و گوند و شاران
هەزاران کران بۆ مباران
لەهەر لا گەمارۆ دراین
کوژراین، براین و دیل کراین
بە هەزاران لە دار دراین
زۆرمان زیندە بەچاڵ کراین
بە دەردی ژاپۆنیان بردین
بە دەرمانان قڕیان کردین
ئاوارە بووین و دەربەدەر
دەرمان داوی بێ چارەسەر
ئیدریسکەسی جێنشینی تۆ
ڕۆڵەی ئازا و ئەمینی تۆ
هانا بوو بۆ برینداران
چارەساز بوو بۆ بێچاران
کۆنە زامی برژاندەوە
کولمانی دامرکاندەوە
مخابن چەرخی دڵ بەکین
ئەویشی پێ رەوا نەدین
بەڵام با چەرخی بێ باریش
داگیرکەری کوردەواریش
تێ بگەن کوردستان خواردن
خۆ لەمافی ڕەوا بواردن
بەسەر چوو و باوی نەماوە
ڕۆڵەی کورد پەیمانی داوە
تا ماوە کە هەر دەشمێنێ
لە ئازادی واز ناهێنێ
تا مافی ڕەوای دەستێنێ
لە بارزانی جێ نەمێنێ