خێوی گوڵ و فرمێسک

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  935 بینین
خێوی گوڵ دوێنێ لەسەیری دەشت و دەر
تازە پشکووتوو گوڵێکی هاتە بەر
دی لەناو پەلکی گوڵا سێ دەنکە ئاو
ڕێزە پەرژینی گەڵا گرتوونیە ناو
خێو:
پێم بڵێن ئەی خشڵی ڕووی گوڵ ئێوە کێن؟
خەڵکی کوێن و چۆنە لێرە نیشتەجێن؟
یەکەم:
نیشتمانم عاسمانی نیلییە
شەونمم بێ من گوڵێ شەوقی نییە
دەچمەوە باڵا کە ڕۆژ دێ پڕتەوی
چونکە دەیکا سەرزەوی پایەم نەوی
دووهەم:
من لە دەریای پانی بێ پایانەوە
بوومە هەور و چوومە ڕووی عاسمانەوە
دەنکەبارانی بەروپشت ئەتڵەسم
موحتەکیر دوژمنمە دۆستی بێ دەسم
من کە دێمە خوارەوە هەر ئەو دەمە
چاوی جووتیار و پەڕی گوڵ جێگەمە
خێو ڕوو بە سێهەم:
تۆ کە بێدەنگ و کزی حەیرانی تۆم
تۆش وەکوو ئەو جووتە خۆت هەڵکێشە بۆم
سێهەم:
ناز لەسەر چ بکەم بڵێم چی و چیم ئەمن؟
قەترە نیم و ڕەمزی بەدبەختیم ئەمن
هیچ، کە شانازیم نییە بیڵێم بەخێو
هەر لەناو قامووسی بوونیش نیمە نێو:
«نازەنینێ کیژی جوتیاری فەقیر
داوی عیشقی هاتە ڕێگە و کەوتە گیر
کیژ و کوڕ دایان بە یەکتر گفت و دڵ
بوونە یەک گیان، یەک بەدەن، یەک ئاو و گڵ
دیتنی یەکتر بوو دڵخۆشیان و بەس
وەک ئەوان بۆ خۆشەویستی نەبووە کەس
دایک و بابی هەر دولاش دایان کەلام
نازەنین بڕوا بەبووک بەکراسی خام
پێشکەشی ئاغا کە ئەسپێکی دەویست
گوێی گران کرد ناڵەوو زاری نەبیست
بوو بە چقڵێک و لەبەینیانا ڕوا
کوڕ لە تاوان مرد! هەڵی نەگری خوا
چاوی کیژیش ئەمنی خستە ئەو گوڵە
خۆشی ئاوێتەی گڵە کوشتەی دڵە»
من کە ئاوی چاوی بەدبەختێکی وام
وا لە غەم و زام و بە بەدبەختی ڕژام
هاودەمی و ناو کۆڕی یارانم لە چی!
نازی وەک ئاونگ و بارانم لەچی؟
خێو:
ئەی نیشانگەی عیشقی دڵدارێکی پاک
گەوهەرە تاقانەکەی سەر ڕوویی خاک
ئەی ڕژاوی دەستی جەوری نائەمین
ئەی موقەددەستر دڵۆپی سەر زەمین
مافی شانازیت بەسەر عەرزا هەیە
ناوی تۆ گوم نابێ تا دنیا هەیە
دژ مەبە ڕۆژێ دەبێ هەروا نەبی
بۆ گلێنەی چاوی خوێنمژ تانە بی