خۆی خۆشتر دەوێ

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  724 بینین
پیرێژنێ کچێکی هەبوو جوان و نۆنەمام
تاقانەیەک نە باب و برای بوو نە پل نە مام
چاوباز و پڕ لەناز و وەکوو ناوی نازەنین
ڕووخۆش و شۆخ و لێو بەبزە و دەم بە پێکەنین
ڕۆژێکی سووکە تایەکی گرت و لەجێ کەوت
دایک نە ڕۆژ لە تاوی سرەوت و نە شەو خەوت
لە خوا نزا و نیازی ئەکرد: خوایە وام ئەوێ
من بمرم ئەو نەخۆش نەکەوێ و دەردی لێم کەوێ
کووپەی سەراوڵەی کەپەکی هەڵپەساردبوو
چێڵێک سەری لە کوپەکەدا گیری خواردبوو
یادێ کە دیتی چوارپەلێ زل مل بە کووپەوە
پێمێردی خواشی بیستبوو سەیرە. گوتی: هەوە
گریا و گوتی نەخۆشەکە من نیم کچی منە
گیانی بکێشە لەرزی لە لەشدا و لە مردنە
هەرکەس وتی کە ژینی بەڵاگێڕی تۆ ئەکا
هەرگا بە ترسی مەرگی بئەزمووی درۆ ئەکا