کەروێشکاوا

لە ئەحمەد شەوقییەوە
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  1168 بینین
پارچە زەوییەک هەبوو کەروێشکاوا
گشتی پۆشرابوو لە شینکە و ئاوا
ژیانیان خۆش و بەمنداڵ و بەماڵ
بێ ترس بوون لە گەماڵ و لە تەماڵ
فیلی زۆردار دڵی خۆی لێ ڕەش کرد
زەوییەکەی لەت بەلەت و بەش بەش کرد
هەبوو کەروێشکێ جهاندیدە و پیر
خاوەنی بیر و بە تەگبیر و ژیر
بانگی کرد هۆ گەلی کەروێشکاوا
مردنو خۆشە نە ژینی ئاوا
نەبنە یەک کاری هەمووتان گەندە
ڕەگی سەربەستی بە یەکبوون بەندە
لە هەموو لایەکەوە لێک کۆ بوون
کەتنە ڕاوێژەوە بۆ سەرخۆ بوون
هەڵبژێران لە نێواندا سێ کەس
چاو لە پایە نەبوو زانا با و بەس
تاکو پیلانێ وەها ڕێک بخرێ
فیلی زۆردار لە زەوی دەربکرێ
یەک وتی: کارەکە زۆر دژوارە
بار بکەین باشترە چار هەربارە
گشتی واتن کپی کەن ئەم دەنگە
مەرگمان خۆشترە نەک ئەم نەنگە
وتی دووهەم کە لەتیرەی کێوی
کەس گزی زان نییە هێندەی ڕێوی
هەیە پێویستی بە ڕاوێژی ئەو
مزی بیریشی دوو کەروێشکی قەڵەو
ئەمە وتیان وتەیە بێ سەروبن
بێ فەڕن دوژمن و بیری دوژمن
سێهەمین ڕاستەوە بوو بۆ گوفتار
وتی خزمینە بەگەل دەسدەنە کار
دەستی گەل هێزە بەگەل با پکۆشین
بوودڕێک هەڵ بکەنین دای پۆشین
فیل شەوێ یان لە ڕەوێ تێ دەکەوێ
زۆر بە شانازی دەڵێن لێر و لەوێ
چونکە دەسمان بەدەسی یەک ئەسپارد
یەکیەتیی ئێمە سەری فیلی خوارد
هەرچی کەروێشکە بە گفتی شاد بوون
فیلە کەوت و، کەوتی و ئازاد بوون
هاتنە کن سێهەم و گوتیان شامان
تۆی و بۆ تۆیە ژیان و سامان
وتی: نا، ئێوە هەڵەن، ئەو جێیە
پێو بڵێم شایەنی شانی کێیە؟
ئەو کەسەی پێشی لە تین و تاوا
بانگی کرد: هۆگەلی کەروێشکاوا!