خواوەندی جوانی
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
1 خولەک
1040 بینین
خزمەتکاری تۆن جوانی و جەوانی
گیانە شاهەنشای تاجدارانی
جوانی تەختی خۆی دانا لێم پرسی
کێ دەچێتە سەر؟ بۆ تۆی ڕوانی
سروە تا باسی جوانتر شت بکا
هەر بە باسی تۆ فێرە زمانی
خوێندنی بولبول بەستەی ئەوینە
بە تۆی هەڵ دەڵێ بەری بەیانی
باغچۆڵەی گوڵان مەست بوو لە هۆش چوو
کە با بۆی سینگ و مەمکی تۆی هانی
گوڵ لە داخانت خۆی کوشت خوێنەکەی
خستە سەر کوڵمت تۆی کردە جانی
لە گوڵ وەڕەز بوو پەپوولە وەختێ
نەقڵی لێوی تۆی لە سروە زانی
زانیت ئێمە چین کەوتووین لەبەر پێت؟
دڵدار لەبەر پای خواوەندی جوانی