قەل و بولبول
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
830 بینین
جارێک بولبولێک لەگەڵ قەلی ڕەش
لەناو ڕکەیەک کرانە هاوبەش
بولبول دەگریا بە بانگ و هاوار
چۆن بوومە یاری هاوسای نالەبار!
بولبول لەگەڵ قەل چۆن ڕێک ئەکەوێ
من گوڵ پەرستم ئەو لاکی دەوێ
جێی من دەبوایە لەناو چیمەن با
بەرچاوم جوانتر چاوگە و دیمەن با
لەگەڵ بولبولان لەسایەی چڵان
بمانخوێندایە بەرەو ڕووی گوڵان
چاوبڕکێنەم با دەگەڵ گوڵی ئاڵ
کەی دەهاتە بیر ئەم ژیانی تاڵ؟
چاوم هەڵدێنم ڕووڕەش دیمەنە
چۆنی بدوێنم دەمی بۆگەنە
گەردوون کردوتم لە ژین هەراسان
دەسا بمدەیە مەرگێ بەهاسان
***
قاڵاو لە بولبول پتر پەشێو بوو
لە بەر چاوی ئەو بولبول دزێو بوو
دەیوت خودایە گوناهم چی بوو
گۆشتی کەرەکەی عیسام دزیبوو؟
کەوتوومە زیندان لەگەڵ ئەم چووکە
ئەو چەقەسرۆیە ئەو هەرزە و سووکە
لەو چەنەبازە، لەو هەڵەوەڕە
مێشک و سەر گێژە گوێم کپ و کەڕە
دڵداری گوڵە کڕیاری بۆنە
زامی پشتی کەر نازانێ چۆنە
چارەم ڕەش بووە وەک پەڕوباڵم
لەو ساوە بولبول بۆتە هەواڵم
ئاخ بۆ ئەو ڕۆژەی منی شۆخ و شەنگ
لەگەڵ چەند قەلی هاودەنگ و هاوڕەنگ
لەناو دێبەران لە دەشت و دەران
قڕقڕمان دەکرد لە دەوری کەران
چارەم لە چارەی بولبولان نایە
زۆر پیس پێوەبووم، مەرگێک خودایە
سەیرە لەو دنیا پان و بەرینە
هەرکەس کاری خۆی لەلا شیرینە