فیدای یارێک بم قەدرزانم بێت

تەسبیحی عەشق
لە کتێبی:
دیوانی ئەخۆل
بەرهەمی:
ئەخۆل (1911-1988)
 7 خولەک  1349 بینین
فیدای یارێک بم قەدرزانم بێت
هاودەم وهاوخەم، هاو گریانم بێت
یار ئەو یارەیە بزانێ دەردم
لە ئێش و نێش و، لە ئاهی سەردم
نەک من بەوێنەی مەجنوون لەدووی لەیل
ئەو بەیەکێ تر بدا خولق و مەیل
یا من بەوێنەی فەرهادی هەژار
ئەو لە لایێ تر بگرێ دۆست و یار
یا من وەک بولبول، پەرۆش بۆ ڕووی گوڵ
ئەو هەر خونچە بێ نەپشکوێ بۆ دڵ
من دڵتەنگ و مات سەرسام و حەیران
ئەو بێباک و خەم دڵشاد و خەندان
دێوانەئاسا من تەی کەم کێوان
ئەویش بەوێنەی سەوڵی خەرامان
من سەر هەتا پا بەرگی ڕەش و شین
ئەو سورمەپۆش و دەستوپێ ڕەنگین
من وەکوو یوسف گیرۆدەی زیندان
ئەو وەک ئاهووی سووک تەی کا نزاران
من بێ خەو و خۆر لاواز و ڕەنگ زەرد
ئەو بێ خەم و گەرد، وەک مینای بێگەرد
من وەک قەلەندەر بەڕووی سەحراوە
ئەو تەختنشین بەسەر دنیاوە
من جەرگ برژاو بەوێنەی کەباب
ئەویش دڵخۆش بێ و بنۆشێ شەڕاب
خۆزگە بەو کەسەی یاری چاکی بێ
خوا بەگژیا چێ ئەگەر باکی بێ
داخ بۆ ئەو کەسەش یاری بەدکار بێ
هەردەم بۆ تیرێ دڵبرینار بێ
شەرت ئەو شەرتەیە یار ئەو یارەیە
کردەوەی بە دڵ ئەو دڵدارەیە
گەر من پاشا بم ئەو تاجی سەر بێ
ئەگەر گەداش بم... ئەویش هەمسەر بێ
ئەو وێنەی لەیل بێ مەشهووری دەوران
منیش وەک مەجنوون وێڵی بیابان
ئەو وێنەی شیرین دڵبەستەی فەرهاد
منیش کوهکەن با بشبم ناشاد
ئەو وێنەی شەونم بە دەم گوڵەوە
منیش وەک بولبول بەسەر چڵەوە
ئەو وێنەی سێوی بەسەر دارەوە
منیش باخەوان لەلای خوارەوە
ئەو وێنەی نێرگز جوان و تازە و تەڕ
منیش کڕیاری بە خوێنی جگەر
ئەو بەوێنەی مانگ بەڕووی سەماوە
منیش وەک مەلێ بەڕووی هەواوە
***
قوربانی یارێک، گیان و سەر و ماڵ
خاوەن لوتف بێ دڵسۆز زان حاڵ
قوربانی یارێک دنیا و دین هەموو
دڵئازار نەبێ خۆشسوحبەت و خوو
شەماڵ وەک قاسد بشنێ بەڕووی ناز
دوعا و سەلامم بەرە بۆ دڵخواز
پێی بڵێ بە لەیل بە چاوی گریان
وا مەجنوون ڕێی گرت بەرەو بیابان
پێی بڵێ بە لەیل تو زاتی بێچوون
وا مەجنوون ڕۆیی خەمناک و مەحزوون
ڕەحمێ بەحاڵی وێرانماڵم کا
تۆزێ لوتفی بێ پرسەی حاڵم کا
حاڵم شێواوە و گریانە کارم
نەماوە توانا و سەبر و قەرارم
نەسیم پێی بڵێ بەو بێوەفایە
بەو گیان بەخشەی من کردەی عیسایە
گەر ئەزیەت نییە ساتێ بێتە لام
تا سکاڵای کەم دڵەی پڕ لە زام
چونکە بە نووسین نایەتە قەڵەم
ئەگەر ڕووی زەمین گشت بە قاقەز کەم
***
دانیشێت قەدری بە کەماڵەوە
ئەو بە پێکەنین من بە ناڵەوە
شەرحی حآڵم کەم ئەوەڵ تا ئاخر
پێی بڵێم یاری لە گیان شیرینتر
تک تک خوێن ئەتکێ لە دڵ و جگەر
وک جێگە زەخمی نەشتەر و خەنجەر
شەو تا بەیانی دەرد و فیراقت
بەیانیش تا شەو بە ئشتیاقت
نە ڕۆژم ڕۆژە نە شەوم شەوە
نە خۆرم خۆرە نە خەوم خەوە
نوێژ و تەقوای من گریان و شینە
بە جۆرێک ڕزی دەروون و سینە
ساتێک نەبوو تیا نەڕێژم فرمێسک
لەش نەچریکێنێ هەتا مۆخ و ئێسک
بێ ڕووی تۆ بەخوا دلم پڕ خەمە
دنیای ڕووناکم لەبەرچاو تەمە
عالەم خەریکی گەشت و سەیرانن
هەموو دڵخۆش و شاد و خەندانن
منیش سەیرانگام بەردەرگای تۆیە
هۆش و خەیاڵم نێو نیگای تۆیە
وەک باوک مردوو سەرتاپا ڕەشپۆش
وەکوو ڕۆژووان بێ خورد و بێ نۆش
لە کەسوکار و قەومانم بێزار
هەر ناوی تۆیە لە دڵ لەسەر زار
ئەپرسن حاڵم ئەمە حاڵمە
ئەحواڵی جەرگی وەک زووخاڵمە
توخوا ئەی یاری شۆخ و جوانبەخت
تیمار کە زامی پڕ ناسۆریی سەخت
یا بە دوو برۆی وەکوو کەوانت
بیدە لە جەرگم تیری موژگانت
بمکوژە توخوا جوانەمەرگم کە
یا ڕەحمێ بە سوێی زامی جەرگم کە
ئەگەر ئەمکوژی با ڕزگارم بێ
ئاخری ژین و کاروبارم بێ
یا بە وەسڵی خۆت بمکە شادمان
با ببڕێتەوە شیوەن و گریان
***
ئەگەر بە وەسڵی خۆت بمکەی خۆرسەند
شەرتە نەخوازم جەننەت لە خواوەند
گەر بشم کوژێ هەر منەتبارم
چونکە نامێنێ ئازار و زارم
یاران کە وەختێ مردم یا کوژرام
یاسینم خوێنرا و بە خاک سپێررام
پێی بڵێن بە یار هەر ساڵێ جارێ
بە لاما بڕوا وەکوو ڕێبوارێ
تاکوو بزانێ لە گۆڕی تارم
هێشتا هەر ماوە ناڵە و ئازارم
بەڵکوو گوێی لێ بێ ناڵەی حەزینم
نەختێ دانیشێ لەژوور سەرینم
خوا ڕەحم بکا ڕەحمی بێتە دڵ
دوو دڵۆپ فرمێسک بڕێژێ بەکوڵ
ئەو دوو فرمێسکە وەک ئاوی حەیات
زیندووم کاتەوە دوا ڕۆژی مەمات
***
بە چواردە ساڵیی بێمەوە دنیا
ببینمەوە تێر باڵاکەی لەیلا
ئەوسا نەمزانی عەزابی قەبر
خۆشترە یاخود دڵداری و سەبر
ئەترسم بمرم دوور لە یارەکەم
وشکایی نەیەت ئەشک و زارەکەم
ئەترسم بمرم دڵ بە داخەوە
ئەو گوڵە ئەچنم لەناو باخەوە
ئەترسم بمرم لە دەشت و لە دەر
یارم نەزانێ هەواڵ و خەبەر
ئەترسم بمرم کەس نەزانێ حاڵ
لە کێوان بمخۆن تەیر و قەل و داڵ
ئەترسم بمرم شاد نەبم بە یار
ببمە خۆراکی مشک و موور و مار
ئەترسم بمرم بێ وەعز و تەلقین
بێ خزم و بێ خوێش بێ گریان و شین
ئەترسم بمرم لە فیراقی لەیل
بە حاڵم بگریی ئەستێرەی سیوەیل
ئەگەر لە وەتەن یاران من مردم
خوا دڵشکاو و ناشادی کردم
لەسەر دوو ڕێگەی گردەکەی سەیوان
گۆڕم هەڵکەنن تو بی تو قورئان
بەڵکوو دولبەرم بێت بۆ سەرقەبران
بە لاما بڕوا بێتەوە بەر گیان
هەروەک نەمامێک سەر بێنمە دەر
ببمە دارێکی سەوز و پڕ سەمەر
تەمەننام لە تۆ وایە خوایە
لەپاش کۆچکردن لەم سەر دنیایە
بمکەی بە مەلێ بێمەوە دنیا
هێلانە بکەم لە یانی لەیلا
یاخود بمکەیە چڵێک ڕێحانە
یار شەتڵم بکا بەو پەنجە جوانە
پێبگەم بۆنخۆش بم ئەویش بۆنم کا
یا بە پلپلەی دەوری سەریم کا
یاخود هەزار ساڵ لەپاش مردنم
لەپاش حسابی قەبر کردنم
بمکەی بە مەلێک بێمەوە دنیا
هەڵنیشم لەسەر گڵکۆکەی لەیلا
یاخود بمکەیە دوو دڵۆپ باران
بێمە خوارەوە لەڕووی ئاسمان
***
تک تک لە ئاسمان بێمە خوارەوە
ببارێم بەسەر گۆڕی یارەوە
خۆزگە کە ئەڕزی ئێسکم لە قەبرا
ئەکەوتە سەر عەرز ئەیفڕان هوما
بەربوایە بە دەم تەیری هوماوە
ئەگیرسا بەسەر گۆڕی لەیلاوە
خوایە هەتاکوو فەلەک ساقییە
پێنج و دوو ڕۆژێ عومرم باقییە
جامیک بنۆشم لە دەستی دولبەر
بەو جامە مەست بم تا ڕۆژی مەحشەر
خوایە بە حەقی ئینجیل و قورئان
بە پێغەمبەری شای ئەنبیایان
هەتا ئەو ساتەی ينفخ في الصورعەرەبی
نامێنێ گیاندار لە انثي و ذكورعەرەبی
هیچکەس وەکوو من تووشی دەرد نەکەی
گیرۆدەی ئاخ و ئاهی سەرد نەکەی
کەس نەگرێنی وەک من گریاوم
ڕۆژی مەحشەریش پڕ ئەشکە چاوم
لە ڕۆژی بوونم تا بە مردنم
نەمخوارد سەمەرەی سەبر کردنم
هەر بە هیوا بووم تا لێی چومە دەر
ئێستاش بە هیوام تا ڕۆژی مەحشەر
بە گەورەیی تۆ ئەی خوای ئاسمان
کە تۆی خەلقندەی جین و ئینس و جان
تا ڕۆژێک گیانم باقییە و ماوم
لە ڕێی یارمدا فیدا و پێناوم
ڕۆژی قیامەتیش بەرۆکی ئەگرم
بە دامانی ئەو فرمێسکم ئەسڕم
دێوانەزاد نیم دێوانەی لەیلم
شاگردی عەشق و ئوستادی مەیلم
فەلەک زەردم و جەور و جەفاکێش
مەشهووری عامم بە ئەحمەد دەروێشناسناوی ئەدەبی
نووسیم لە گۆشەی دامانی دەوران
تەئریخی ئەمڕۆ غەریب و ناڵان