دەمەتەقەی پیرۆت و باپیر
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
810 بینین
لە ڕۆژی ٦/ ٧/ ١٩٦٨ جاشکی جەلال تاڵەبانیکەس و برایم ئەحمەدکەس بە چەک و ئەسپابی داگیرکەرانی کوردستان هاتنە سەر پێشمەرگە و لە دوای شەڕێکی شەش ڕۆژە. پێشمەرگە دوو سەد جاشێکی لێ تۆپاندن، گەلێکیشی لێ بە دیل گرتن و لە کوردستانی ئازادی دەرکردنەوە. بەو هۆیەوە نووسراوە:
پ: مام باپیر، ئا بێ، دەنگوباس چییە؟
ب: وەخوا، حاڵ جاشگەل فرەخاس نییە
پ: گوایە گەرەکتە بێژی خەراون؟
ب: بەڵێ سەرشکیاو، پاشڵ دڕیاون
هەر لاشی جاشی کرمێ و بۆگەنە
کەفتگە لەو دەشت قەرە حەسەنە
پ: خاسە، خۆ ئێژن حوکمات گۆڕیاوە
چۆن جاش بەر ئەدا بەم لاو بەو لاوە!
ب: پیرۆت بەعسی گەل خۆت ئەیان ناسی
پا درێژ ناکەن هەرگیز وەڕاسی
وتیان حوزەیران جێ وەجێ ئەکەین
لە جۆر بنیادەم ئەمجا ڕێ ئەکەین
شەڕی هەندرێن دەرسی داداوین
خاسی باداوین، مەیژن هەر خاوین
کەچی ئەیدوونین ماڵ هەر ئەو ماڵە
هەر مێشکی پویچە و کەللەی بەتاڵە
وەدەور خۆیانا ئەسووڕێنەوە
خەریکن شەڕمان بۆ ئەنێنەوە
جاشگەل شەست و شەش، چی بڵێم؟ دوور لەڕووت
داگیراونەسە و وەساچمە و بارووت
بزووت ئەخەنە بن کلکیانەوە
ئەتەقن وەلای کوردستانەوە
وەحەچچەی بەعسی وەگژمانا تێن
تێناگەن ئێمە ئەیانناسین، کێن!
پ: دەیسا چەیان کرد توخوا مام باپیر
ب: لەناو تەڵەدا سمیان کردی گیر
ویستیان داگیرکەن مەڵبەن «جەباری»
تیایا بگەوزن وەگوێچکە لاری
بەڵام نەقیزەی پێشمەرگەی ئازا
پێ گەیشت، کاریان لە کار ترازا
هەروا جاشک بوو، بۆ دەرئەپەڕی
بەرەو تەویلەی عارەو ئەزەڕی
لوشمەی جەلال و زەڕینی بلە
دەری خست کەوا پاڵوویان شلە
کوردستان خواردن بۆ عارەو ناوێ
با هەزار جاشکیش جووتە بهاوێ
پ بەڵێ مام باپیر، بەعسی زۆر کەرن
وەهیوای جاشگەل زەحمەت دەربەرن
شۆڕش کوردستان دوژمن دڕێنە
مەلەی گەرەکە ئەم گۆمی خوێنە
ئەیشزانیت جاشک مەلە نەزانە
ئاو بگا بە گوێی، بەشی خنکانە
بەعسی و جەلال و بلە و جاش و ماش
وەمانگ ئەحەپن گەماڵ گەل بەلاش