تیتل و بیبل

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  659 بینین
ڕۆژی ١٦ی ئابی ١٩٦٨ لە ئاهەنگی بیرەوەریی دامەزراندنی پارتی لە پردی گەڵاڵە خوێندرایەوە:
نەقڵی مام گورگ و خۆ لە قوڕ نانی
نەنک و باپیرەکان دەیانزانی
خواردنی تیتل و بیبلی بزنۆکە
باسی خۆمان و کۆنە چیرۆکە
***
ڕەنجبەری عارەبی لەمێژ ساڵە
بەسەری قووت و لاقی بێ کاڵە
دوازدە مانگە چ خۆم، چ منداڵم
بۆی ئەچەوسێمەوە و ژیان تاڵم
خاکەکەم زۆر بە پیت و دەسکەوتە
دەغڵە، ئاژاڵە، تووتنە، نەوتە
چەند بەری لێڕەوار و چەند میوە
بەرەکەت لەم وڵاتە باریوە
سەر و بەر پێم ڕەنێو دەنێ ساڵێ
گەسک و قامچی ئەهێنێ، ئەیماڵێ
خاکی خۆی وردە ڕەمل و خورمایە
ئارەقەی ڕەش دەکا لە گەرمایە
کۆشک و پانکەی کڕی بە پارەی من
هێشتە هەر لای کرێتە چارەی من
قەندەهاریم کرایە نان بۆ ئەو
خوریەکەم بوو بەقاتی جوان بۆ ئەو
دەڵێ ڕانکت شڕۆڵە مەم بینە
پڕ لە ئەسپێیە جلکی پڕ پینە
***
ڕایئەبوێرم منیش بە کەشک و بەڕوو
نیعمەتی خوایە چش لە برش و کەڕوو
ئەچمە شار بارەدارێ بفرۆشم
لەشی ڕووتم بە جاوێ داپۆشم
شورتەیە، عەسکەرە، نەهەشت و نەنۆ
هەر کەسەی ڕام ئەکێشێ بۆ لای خۆ
عەسکەری و باج و دۆنم و خاوە
حاکمیش جارێ کاری پێم ماوە
دەمدوێنن بە «یا زمال» و «ولەک»
باسی ناکرێ بەشم لەحەپس و کوتەک
هێشتە پێ ناشکوریم و ناناڵم
هەوڵ ئەدەم بۆ بژیوی منداڵم
***
کە چی سەرباری ئەم هەموو دەردە
تاوێ نا تاوێ پێم دەڵێ جەردە
بۆ کەمت پێیە! بۆ درەنگ هاتی؟
بۆ ژیان نابی زۆر کز و لاتی!
جوولەکەی دووهەمی و بەڵای سێهەم
دەتکوژم، ناشڵێ پێم کەمن کێهەم؟
کە ئەبینێ لە تان و پۆ کەوتووم
دانی چیڕن لە خواردنی بێچووم
تیتل و بیبلی دەوێن و فیڵبازە
کۆن دەچێ و دێتە جێ یەکی تازە
یەکێ شینە و دەڵێ ئەمن پاشام
کوڕی پێغەمبەرم، نزیکی خودام
یەکی تر دێت کە شینە نامێنێ
گۆشتەکەم خۆشە بۆم دەلوورێنێ
ئیننەنی و ئیننەنام و سووربۆزم
خێوی بەزمی تەمووزی پیرۆزم
ئەو دەچێ، گورگی زەردو ئەبڵەق دێن
بەچکە عارف لەشوێنی عەفلەق دێن
ڕەوە گورگن ئەوی دەڕۆن و دێن
خۆ دەگۆڕن هەتا نەزانین کێن
هەرچی هات پێم دەڵێ ئەمن چاکم
لەوەڕم پێیە بۆت و شیر پاکم
هێندە ماوم هەتا لە پشت چەپەرام
دەرکی لێ دانەخەم، بزانە خورام
وەک یەکن بۆمە زەرد و سوور و کەوە
دەردی کابرا گوتی عەرەو عەرەوە