کوێخای بەکرەجۆ
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
1 خولەک
1144 بینین
شیعرێکە پێشکێش بە مامۆستا بلە کراوە و لە خەباتی ژمارە«٤٩٢»دا چاپ کراوە:
بلەی ئەحەڕەش جاشی ڕەنجەڕۆ
وەکیلی عارە و لەسەر «بەکرەجۆ»
چەند جوانت لێ دێ موی سپی و ڕووی ڕەش
نۆشی گیانت بێ کەنگر و کەربەش
نەقیزەت ئەوێ ڕێگەت هەورازە
دەک پیرۆزت بێ کورتانی تازە
پیری ئاخرشەڕ وەتەنت فرۆشت
ئابڕووت گۆڕیەوە بە شەراب و گۆشت
چوویە باوەشی دوژمنانەوە
خول ئەخۆی بەلای قاتر خانەوە
زۆر هەرزانت دا شەرم و ویژدانت
کوێرت کردەوە ماڵی باوانت
ئەحەی باوکیشت تۆ ئابڕووت برد
بیری لێ بکەوە مامۆستا چت کرد
نرخی نیشتمان پارە و جۆ نییە
نیشتمانی کورد موڵکی تۆ نییە
گەر ئابڕووت بوو بێ! ئەویشت دانا
سەڵا لە ئەقڵت مامۆستای زانا
هەزار خایینی وەک تۆمان دیوە
بە ئاوات نەگا و لە ڕێ تۆپیوە
کورد هەر ئەمێنێ و مافی دەسێنێ
یادی تۆش ئەکا جار جار بە جوێنێ