جاش چوونە میسر

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  1024 بینین
هێندێک لە جاشکە زلەکان لەگەڵ تاهیر یەحیای سەرەک وەزیرانی عێراق چوونە قاهیرە، باسی ئەوەم نووسیوە، لە خەباتی مانگی خەرمانانی ١٩٦٥ دا چاپ کراوە:
عەبدولناسر دەگەڵ یاران
لە قاهیرە لە مەتاران
لەو لاش حەرەسی شەڕەفە
بۆ بەخێر هێنان سەف سەفە
تاهیر یەحیایان میوانە
پیاوێ بەشەوکەت و شانە
لە عێراقا سەروەزیرە
کەوچک بەدەستی موشیرە
لە تەیارە دێتە دەرێ
دەگەڵ چەند مێزەر بەسەرێ
لە جیاتی سڵاو زەڕینە
جووتە و لوشک و دەرپەڕینە
بۆ میواندار سەرسوڕمانە
وەزیر فەرموو چین ئەمانە
میرم برامن زۆر باشن
کوردن، دوور لە ڕووتان جاشن
سێ چوارێکیان پیرەکەرن
فەرقێ ناکا، جاش لەبەرن
هێندێکیان حەجیشیان دیوە
بەڵام خۆیان نەگۆڕیوە
نامووس و ئایین و وەتەن
بە مەرحەبا و دینار ئەدەن
کوردن و خۆیان ناناسن
تا بفەرمووی جاشی خاسن
لە ژێر بارا زۆر چەوساون
ماندووبوون، لەزگ وەستاون
هێناومن لێرەیان چاکەین
بەڵکو جاشی تر پەیدا کەین
سمیان بگوشن بەڕووی خۆش
با هەروا بڕۆن مەڵێن هۆش