بۆ پێشەوە بارزانی

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  3221 بینین
سروودێکە بۆ شۆڕشم نووسیوە، بەڵام داخەکەم لە دەمی خۆم و قەڵەمەکەم دوورتر نەڕۆیشت:
ئەگەر دنیا مژ و تەم و تاریکە
ئەگەر ڕێگا کەند و کڵۆ و باریکە
ئەگەر شەوە و گرمەی هەور و بارانە
ئەگەر بەفرە و شڵێوەیە و تۆفانە
ئەگەر گێژە و کڕێوەیە و بۆرانە
ئەگەر لە هەرجێدا چەتە و گۆرانە
تۆ شارەزا و ڕێ نیشاندەری لاوانی
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی
ئەگەر هەوار نشێوە یان هەورازە
ئەگەر لەهی و لافاوی بێ پێ بازە
ئەگەر چەق و لوور و مڕەی دەعبایە
هەموو دەر و دۆڵێک پڕی حەزیایە
ئەگەر لە هەر بن بەردێ نەعرەی دێوە
هەر پنچکێک پڕی لە جند و خێوە
باکمان نییە هێز و گوڕی دڵمانی
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی
ئەگەر دوژمن پڕا و پڕی دنیا بێ
شەپۆڵ بداتەوە، وەکوو دەریا بێ
چەکی دەسی لە ئێمە زۆر زۆرتر بێ
لە گش دڕندە، وەحش و پیاو خۆرتر بێ
خۆیان لە ناو زرێپۆشان وەشارن
بۆمبا لەبن فڕۆکەیان دابارن
لە کوردستان تۆمان هەبی بەسمانی
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی
با کۆخ و لادێ و شارەکان خاپوورکەن
با گوللە تۆپ لاشان لە خوێنا سوورکەن
خوێنمان لەڕیی ئەم نیشتمانە بڕژێ
مێشکی ژن و کوڕ و کیژانمان بپژێ
لانک و مناڵ بە ئاگرێ بسووژن
با وێران کەن، ببڕن، ببەن، بکوژن
لە دواتەوەین باب و برا و کەسمانی
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی
کوردین کوڕی چیا نەبەرد و شێرین
بە کوشتنی داگیرکەرانمان فێرین
لە دوژمنان تۆڵە و هەقمان دەستێنین
سەدقات سەران دەبڕین، زگان دەدڕێنین
ئەو ڕۆژی کورد دەکرا بە دیل ئەو ڕۆیی
یان مردن و یان ژین بە سەربەخۆیی
دوژمن کوژی کوردپەروەری ڕێزانی
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی