دەمەتەقەی بایز و باپیر
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
1011 بینین
ئەم دەمەتەقەیەشم کە لەسەر عەبدولکەریم گوتووە لە ژمارە«٤»ی کوردستان لە بەغدا چاپ کراوە:
ب: مام پیرۆت سڵاو پ: ئای وەحەلێکم
ب: چۆنی؟ لە چیدای؟ پ: بە خوا ناڕێکم
ب: ناڕێکیت لە چی؟ پ: ئەپرسی لە من؟
بووم وە پەند لەناو گشت دۆست و دوژمن
ب: ئێژن تۆ و گورزە تێکەڵ بوونە سەو!
پ: بەڵێ جا ئێستا ئەو بازە و من کەو
وەگیان تۆ هەست و نیستی خۆم دایە
ب: جا گوایە هێشتا بەرچاوی نایە!
پ: چاو و ماوی چی! من خەتا بارم
وای بەسەر هێنام لە ژین بێزارم
لە ڕەمەزانام ساڵێ دوازدە مانگ
نەمزانیوە چین پارشێو و بەربانگ
ئەو نانم ئەخوا، من سوێند بەسەری
ئەو زێڕ ئەکێشێ من کوێرەوەری
بۆ خۆی تێر گۆشتە لە ئاژاڵی من
گز و فت ئەدا وە مناڵی من
کاسە دراوسێ ئەدا بەم و بەو
ئێمەش چەورایی ناوینین بە خەو
ب: جا بۆ خەوتان هەس وەشەو لە برسان؟
پ: نە بەخوا، وەڕۆژ ئەتووین لە ترسان
ب: دەک پیرۆز نەوێ، ئەشتان ترسێنێ؟
پ: ترساندن و بەس؟ گیانمان دەردێنێ
هیوام کەچەڵ بوو، وەملی وردم
سەری هەڵماڵی و زراوی بردم؟
خۆم کۆڵەوار کرد بۆ دەنگی دەهۆڵ
کێ بەزەی دادێ وەپیاوی کڵۆڵ
وە قورحانەکەی سەید سادق سوێنم
دەردم سەربارە و بەرباری جوێنم
ب: پیرۆت نەتبیستووە بۆ دەستەوستان
بەهرەیەک نادا گەرمێن و کوێستان
کێ ددانی بێ خواردنی ئەوێ
پ: ئا، وەخوا، بایز دەردت لێم کەوێ
گەر ڕەمەزانە و گەر شەشەکانە
بەشم هەرژەم و دوو تیکە نانە