دەمەتەقەی بایز و پیرۆت

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  1119 بینین
سدیق میرانکەس ئاغایەکی شەقڵاوەشوێن لە نزیک گوندی خۆی کوژرا بوو، حکوومەتی عەبدولکەریم دەیویست حزبی پارتی تێوەدا و بەهانەی بۆ بەرپێدانی مافی کورد دەس کەوێ. لەو بارەوە نووسیومە و لە ژمارە «٢»ی کوردستان بڵاوکرایەوە:
ب: پیرۆت ئەخەنی؟ پ: ئەی چۆن نەخەنم!
قاوتی بەربا و کای لەبەر شەنم
ب: گوایە چی بووە؟ پ: لەمە زیاتر چی؟
دنیامان بووگە وەهەرچی و پەرچی!
ب: ها، زانیم، ئێژی مانگ دروس ئەکەن
عەمیلکە گرە و دەگەڵ ڕووس ئەکەن
پ: بایز خوا ئەقڵ با بە مناڵت
بۆ مێشکی کۆن و بۆ بیری کاڵت
گیانە، کاورایەک مرد لە شەقڵاوە
ئێژن لە بەغا تیرت لێ داوە
وەک ئێژن غەوس لە بەغدا بووە
وە کەڵاش یەکی لە هیند کوشتووە
ب: گاڵتەم پێ ئەکەی؟ پ: بێژم چی گیانە
چۆن ڕێی ئەگیرێ بڕ و بەهانە؟
ب: ئێژی بەهانەس؟ پ: بەهانە و نیوە
میاو میاو بۆ پیوە، هێشتا چت دیوە؟
چەند چەوسامەوە لە ڕێگەی کاکم
دنیا شایەتە چەند پاک و چاکم
پێشمەرگە وەڕۆژ پاسەوان وەشەو
هەزار برینم لە لەش لەسەر ئەو
ئێستە بەهانەم بۆ ئەدۆزنەوە
گفتی دوژمنم بۆ ئەقۆزنەوە
ئێژن پف ئەکەی لە هەمەدانا
ئارد وەبا ئەدەی لە خۆراسانا
دیارە ئەخوازن بێ زاد و تێشوو
بم گەڕێننەوە سەر دەقی پێشوو
ب: پیرۆت چۆن ئەوێ چ خوا بەردارە؟
کورد بۆ چ ئەمەندە کڵۆڵ و ژارە!
پ: بایز کەس ئەمڕۆ ناشێ بخەنێ
مناڵ تا نەگری شیری نادەنێ