کوردم

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  2666 بینین
کۆنە ئاشنایەکی زۆر وازوازی و ڕەگەڵ ڕەگەڵ، لە نامەیەکیا بۆی نووسیبووم: فڵانی من چەند ساڵە کە ئەتناسم وا تازە بۆم ڕوون ئەبێتەوە کە تۆ بەڕاستی کوردی و کوردایەتی ئەکەی! منیش لە وەراما کە ئەمزانی گاڵتەی پێ کردووم، ئەمەم نووسی، لە کۆواری «ڕوناهی» ژمارەی ئازاری ١٩٦١ چاپ کراوە:
برا زۆر سەیرە زوو نەمناسی، من هەر زۆر لە زوو کوردم
کە تۆ پێنج شەش کەڕەت گۆڕاوی من بێ سێ و دوو کوردم
لە تەکییە بوویە جێگر، ڕێگر و مێگر لە بن بەرماڵ
ئەمن لەو ساوە جێ و بانم لە بانی بێشکە بوو کوردم
عەجەم بووی بوویە تورک و بویە عارەب ئێستە سەر شێواو
ئەمن بێ گێڵمەگێڵم و کەشمەکەش بێ «چاشنو» کوردم
سپی بووی، بوویە شین و بوویە سوور و ئێستە ڕوو زەردی
ئەمن یەک ڕەنگ و ڕوو، وەک پیاوی خاوەن ئابڕوو کوردم
کە تۆ بۆ مز لە ناو مزگەوتی، کوردستانە ڕووگەی من
کە تۆ دەروێشی زەرگ و مەرگی من بێ هایوهو کوردم
کە تۆ پەل بۆ هەموو جێیەک ئەکێشی و بێ ڕەگ و پنجی
ئەمن گەر پەل پەلیشم کەن، لە سەریەک ڕێگەم و کوردم
دڵت بۆ پارە پارە، بیر لە لیرە گیرە، دەم بۆ دەم
سەراپا، ڕەگ بەڕەگ، ئێسقان بە ئێسقان، مووبەموو کوردم
کە تۆ دەرپێت فڕێ دا و چاکەتی چاکت دەبەر خۆ کرد
ئەمن شەرمم بە خۆو شاییم بە خۆمە، جل شڕ و کوردم
کە تۆ گیرفان پڕی گیرفان بڕی، من هەر هەژار ماوم
کە تۆ خۆت دا بە خواردن، من لەگەڵ گاڵ و بەڕوو کوردم