خۆ تۆ خوا نەبووی سوجدەم بۆ بردی
ئەی بێ وەفا
لە کتێبی:
دیوانی ئەخۆل
بەرهەمی:
ئەخۆل (1911-1988)
1 خولەک
965 بینین
خۆ تۆ خوا نەبووی سوجدەم بۆ بردی
وەک بت و سەنەم لە ملم کردی
تاقی ئەبرۆتم کردە قیبلەگاهـ
بەردرگاکەتم کردە خەڵوەتگاهـ
ناوی تۆم کردە ویردی زمانم
لە جێی تەهلیلەی ڕۆژ و شەوانم
جگە لەمانەش ئەرکی دڵداری
لە گریە و ڕۆڕۆ شیوەن و زاری
ئەمانە هەموو تەمەنی جوانی
پێشکەشم کردی زۆر بەئاسانی
کە چی نەمزانی چی وای لێ کردی
ئەو دڵە ڕەقەی نەرم نەکردی
بەڵام ئەزانم ڕۆژێ لە ڕۆژان
لەم دڵڕەقییەت ئەکا پەشیمان
لە پەشیمانیش هیچ سوود نابینی
ئاسن بە ئەژنۆت ئەبێ بشکێنی
بۆ منی کڵۆڵ وا پەتیارەت کرد
بۆ خۆیشت کە خۆت، خۆت بەم دەردە برد