قەرزدارمان بن بەدکار و بەدخوو
لە کتێبی:
شیعر و هەڵوێست
بەرهەمی:
مەلا عەلی (1953-1979)
2 خولەک
1273 بینین
قەرزدارمان بن بەدکار و بەدخوو
دایک و باوکتیان لێ کردم دوو ڕوو
دڵیان لە ئاستم ڕەق بوو وەک ئاسن
شتی وایان ویست کە پەیدا نابن
منیش لەبەر دۆست لە داخی دوژمن
بەڵێنم پێ دان کە پەیدا دەبن
بەڵێنیان پێدام بەڵام لە پاشان
بە قسەی شۆفار لێم بوون پەشیمان
نە باوکت ژیر بوو نە خانەدان بوو
نە ڕەفتاریشی وەکو ئینسان بوو
بەڵام ڕەوشت و شێوەی جوانی تۆ
کە باس ناکرێ قەت بە گفتوگۆ
ناچاریان کردم پێ لە جەرگم نێم
باوکت بدوێنم کە تۆ بدا پێم
گۆنا شەکرە سێو زولف وەک چنوور
گەردن بڕیوی جوانی لە بلوور
دەم گوڵەباخی نەپشکوتوی سوور
لە کوێ دەتوانم وەسفت کەم لە دوور
تۆ بڵێی زوڵفت وەک جاران مابن
هەروا چین چین و لول ڕاوەستابن
جوانترین شێوەت باڵا و بەژن بوو
جێی پێ نازینی تۆی شۆڕە ژن بوو
ئێستاش کە یادم وەکوو خۆی مابێ
بەیادم دوگمەت هەر گرێ دابێ
لەوساوە ڕازت لە من بڕاوە
کەشتی خەیاڵم نقوومی ئاوە
ئێستاش وا دەستم لە ژیان بەرداوە
هۆشم بە وێنەی کەزیت بڵاوە
گیانە یەکجاری بەجێت دەهێڵم
تا هەتا بە دوای ڕازت دا وێڵم
دەمرم چاوەکەم خەم مەخۆ تۆ خۆش
خەمی لە من زیاد جێ ماون بۆ تۆش