بە گوێچکەی یاد ئەرێ نابیەی سەدای هاوار و ناڵینم

نامەیەک بۆ هاوڕێیەکم لە ساڵی ١٩٤٨ دا
لە کتێبی:
دیوانی ئەخۆل
بەرهەمی:
ئەخۆل (1911-1988)
 2 خولەک  944 بینین
بە گوێچکەی یاد ئەرێ نابیەی؟ سەدای هاوار و ناڵینم
بە چاوی تاسە نابینی دڵۆپەی ئەشکی خوێنینم؟؟
برا ئاخۆ بە بیرتا دێتەوە ئەم یاریی دێرینەت؟
بڵێی باسم نەکەی جارجار بە لێو و گفتی شیرینت
برالە پیم بڵێ ئێستاش وەکوو جاران بە عود و نەی؟
لە دڵتانا هەڵئەقوڵێ نەغمەیی پڕ سۆز و پڕ ئۆخەی
وەکوو جارانە باوی سەرچنار و بەزمی ئێواران؟
بشۆن بەو ئاوە ساردە چی هەیە جەور و جەفای دەوران؟
کە ڕۆژ پرشنگی ڕۆژئاوا، شەویش هی مانگ و ئەستێرە:
چەو و زیخی بنی ئەکسەر ئەڵێی مروارییە و زێڕە
دڵم کەوتۆتە گێژاوی شەپۆلی بەحری دووریتان
بە چاوو دڵ ئەڵێمئاخۆ خوا ئەیدا سەبووریتان
مەگەر ئەو سێبەرەی بن دارەکەی لای ئاوەکەی «سەرسیر»
بشۆرن ئەم خەم و دەردەم وە یا بەزمێکی «باخی میر»
وە یا خۆ هاژەیی تاڤگەی «زەڵم» کاتێکی هاوینان
پرۆشەی وردی پڕ نەشئەی بکا دەردی دڵم دەرمان
وە یا ڕابواردنی سەر ئاوەکەی لای گردەکەی یارە؟
کە ئەڕوانێتە پشت گردەکەی سەیوانی لێ دیارە
دڵۆپی ئەشکی خوێنینی لە پێڵودا قەتیس ماوم
لەگەڵ ناسۆری زامانی دڵی دووریم بکەن چارە