«بڕوای شاعیر لەبارەی سیاسەتی ڕژیمی پاشایەتی بۆ تواندنەوەی فەرهەنگی کورد»

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  651 بینین
بڕوانە لە شایی دوژمنی کورد
کوردی لە سەرایی کوردە لابرد
بێگانە زمانی کوردەکانی
لابردووە گش کەسێ دەزانی
پێی وایە کەوا بکا دەفەوتێن
ئەو هۆزە هەموو بەوەی لە بن دێن
کارێکی وەها دەکا بە جوانان
لادەن لە زمانی کورد زمانان
دەستووری بە کیژو کوڕ وەهادا
گەر بێ لە زمانی کوردی لادا
نانی لە وەڵاتی کورد بخوا
لادا لە زمانی خۆی کە دوا
ئەو کوردە لە خاکی نیشتمانی
نابێ کە زمانەکەی بزانی
خۆ زۆرە ئەوەی بە پارە ئەزمان
دەفرۆشێ و پش دەکا لە کوردان
چون ڕوویی لە پارە و دراوە
ویژدانی بە پارە لی کڕاوە
هەر کەس کە زمانەکەی توواوە
سەرشۆڕە بزانە بەشخوراوە
ویستم کە وشەی زمان یخۆمان
نەتوێتەوە هەر هەبی لە بۆمان
ئەو باوەیە گەر دەکەوتە دەستم
جا بۆیە بە ڕۆژ و شەو نەنوستم
پاکم بە زمانی شێعر دانا
هە هێندەمە تاقەت و تووانا
نابم بە هەژار یا بە خانی
کوا بوومە بە نووسەری زمانی
نێ هێمن و مەحوی و نەوردیم
نێ سافی و ئاوەت و نە کوردیم
من ناگەمە نالی و جەزیری
خۆ نابمە مەولەوی بە پیری
ناگەم بە هەواو سۆزی حاجی
ئەو دی بە تەڵا و من بە ساجی
نێ بێخۆد و بیکەس و نە ناریم
نێ سالم و زیوەر و نە زاریم
نێ قانع و پیرەمێرد و گۆران
نێ تاهیر و نێ ڕەزایی شت زان
حەددم چیە کاری بێ ئەدەب کەم؟
شاگردیە بەرهەمی ئەدەب کەم
خۆ من نە ئەدیبم و نە کۆکیم
نازانی لە نێو گەورک دا کیم
نێ مینەیی خاڵ و نێ ئەمینم
نێ ئەفخەمی شێعر ئاگرینم
بە خودا نە حەقیقی و حەریقم
بێ سوودە هەراو زیقە زیقم
ناگەم بە ئەوین وەک وەفایی
ئاوایە لە وێژەدا فیدایی
شاگردە هەمیشە بۆ ئەوانە
پێی مەگرە بە تانە تۆ بەهانە
دروێشم و هەرچی بوو لە کەشکۆڵ
لێم وەرگرە وردە زێڕە یا خۆڵ