«گەمارۆدرانی تاوڵی مەلا نەبی لە لایەن ئاڵییەوە، هەر ئەو شەوەی کە هەڵیان دابوو»
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
619 بینین
شەو هات و دەبوو هەوار خامۆش
نووستن بە دڵێکی بێ غەم و خۆش
ئاڵی بە هەموو سووپا و ئاڵا
وەک مار ئەلەو هەوارە هاڵا
سۆزی کە لە خەو خەڵک هەڵستان
وەک چیغ سووارە ڕادەوەستان
ئەو هۆبەیی گەر دەدا گەمارۆ
ڕووی کردە مەلانەبی لە سەر خۆ
دەیگوت وەدە ئەی نەبی جوابم
فکرت چیە، بۆ خووێنی بابم؟
کارم نیە خۆ ئەمن بە کوردە
چم داوە لە لاسی ئاو و بردە؟
بابم کە کوژاوە خۆ بە دەستی
تۆ، ڕۆییوە ئەو ژیان و هەستی
ئاڵی کە بە کەللە شەق دەناسی
ئەو دوژمنی تۆیە نەک بە لاسی
ئەوڕۆ کە مەمەند گەر کوژاوە
بێکەس نیە کوڕ بە جێ کە ماوە
گوێ ڕاگرە خۆ لەوەی نەکەی کەڕ
حازر بە لە بۆ خووێن یا شەڕ
فەرموو چیە ئەی نەبی وەڵامم؟
دەرمان بکە بەو دووانە زامم
سەر پشک بە هەرچی هەڵگری تۆ
ڕازیمە بە ڕاستی نە بە درۆ