«لاس دە دڵدا کوتی وا باشە لەو چەپکەگوڵە بەو لاوەدا بۆ خەزاڵێ بنێرمەوە»

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 1 خولەک  616 بینین
دەیکردەوە بیر ئەو گوڵانە
بۆ یاری بداتە بەو جوانە
فەرموویەوە بەو جوانی پێشەنگ
ئەو لاسی بە غەم پەشێو و دڵتەنگ
چون زیرەک و عاقڵ و جحێڵی
تۆ دوورە پەرێزی مەکر و فێڵی
سەودایی ئەوینی دڵ دەزانی
پێم وایە لە کۆڕی عاشقانی
گەر هەمدەمی تاقمەی ئەوانی
تۆ مەحزی شەڕافەتی جوانی
ئەو چەپکە گوڵانە دەی بە قوربان
بۆ من بەرە بۆ چرایی نەبیان
بیستی کە جووانە ئەو مەبەستە
لێی تووڕە دەبۆوە ئەو بە دەستە
گۆچانی حەواڵە کرد لە بۆ لاس
پشتی دەچەماوە هەر وەکوو داس
دەیگوت کە هەتیوە وا دەزانی
ئەو شۆخە ئەتۆیی گەر شوانی
وەک فۆتە حەمامە بۆ جوانان
یا خۆ گوڵە بۆ دەسی شوانان
بە زەربەتە گەر چی بوو بە بێ حاڵ
نەیگوت بە جوانە یەک وتەی کاڵ
بۆ خاتری ئەو خەزاڵە شۆڕە
نەیکردەوە لەو جوانە مۆڕە