چۆنیەتی عاشقکردنی خەزاڵ بە لاس لەلایەن شێخ مەنسوورەوە

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  631 بینین
زانا و نەزیلە زانی مێژوو
ئەو باوەیی وا بە من دەفەرموو
کاری کە دەکرد تیری مەنسوور
لەو لاسە دەبوو چرایی بێ نوور
کاتی کە لە لاس دڵ بە جێ بوو
وەک بایە لەوێوە ئەو بەڕێبوو
گیر بوونی نەبوو هەتا سووێناس
ئەو لاوەیی بۆ پەری دەکرد باس
دەدوا لە جووانی و لە ڕەندی
لە دڵ و لە دەروون و دەوڵەمەندی
تاریف لە بە خشش و عەتایی
دەزگا و سەرا و بارەگایی
شێرە لە کەژو چیایی باڵەک
خەزنەی هەیە پیشەوایی باڵەک
گەنجێکە تەمەن لە بیست ساڵە
ئەو گەورەو مەزنە لەو مەحاڵە
مەردێ نیە پشتەکەی لە عەرزێ
دابێ، لە بەر ئەو فەلەک دەلەرزێ
بۆ وی سەری سەر ڕەقان نەرمە
لەو شێرە دەکەن هەمیشە شەرمە
گەر بەوری بەیانی وا لە پێشی
ناهێڵێ بەشەڕ نەفەس بکێشی
بێ ترسە لە غوولی و لە دێوان
بێ نۆکەرە ڕوو دەکا لە کێوان
سەردارە بە دەعیەوە دەمارە
بۆ شوویی خەزاڵ ئەو لەبارە
گەربێتوو بە لاس تۆ بکەی شوو
نێوت دەکەوێتە نێوی مێژوو
تۆ شوویی دەبێ نەکەی بە پووچێ
ئەو هەیبێ کەپۆیی بەرز و قووچێ
بەرگێکی نوێی هەر لەبەر بێ
دەسرێکی حەوت گەزی لەسەر بێ
بڕوا بە هەوایی نالەباری
وەک شایە بە دەعیەو دەماری
دەستی ئەوە هەر لە پارە خاڵی
لووتی لە هەوا هەور دەماڵی
چاوی لەوەبێ ئەتۆ بە خێوی
کەی، ئەو کەسە تف لە خوو و خێوی
ئەو شێخە بەسەد وتەو بە یانە
دەیکردەوە باس لەو جوانە
ئەو خوریەیی بو دەدا لە شانە
دەیگوت بە خەزاڵ دانە بە دانە
لاسی کە بە وێنەدا نیشانی
دەیداوە بە وێنە ئەو گیانی