بەیتگوتنی وسێن کەنیلە بۆ فیدایی
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
647 بینین
ئەو پیرەیی ئاشنا بە مێژوو
دەیکرد بە برینی ئێمە پندوو
هێنایە دەرێ وتەی لە تێکۆڵ
پاکیزەیی کرد بۆمە کاکڵ
وەک بولبولی دەنگ خۆشی باغان
ئەو جارە کە گەوهەری وەدەرنان
دەیگوت کە لە بیشە ئەحمەدی لاو
بوو جووت دەگەڵ کچەی بەڵەک چاو
شیرینی فریشتە ڕوویی قژکاڵ
وەزگی کەوت ئەو لە خان منداڵ
تۆ مانگی کە پێدەچوو کوڕی بوو
نابێ کە بڵێی کوڕ، ئەو دوڕی بوو
هەر وەک سەدەف ئەو دوڕەی وەدەرنا
وەک شاگوڵی ئەو کوڕەی وەدەرنا
وەک ڕۆژ کە بێتە دەر لە یاڵان
دەیدایەوە شۆق ئەو لە داڵان
دوو چاوی پیاڵە بوو سەر و ژێر
یوسف بە جوانی و مەچەک شێر
چاوڕەش بوو برۆ کەوانە دڵگیر
برژانگی خەدەنگ هەر وەکوو تیر
جوانی لە بەشا بەوی درابوو
لیمۆیە لە ڕەحمەتی خودا بوو
بەو باهوو بازوانی مەحکەم
نیشانەیی پێوە بوو لە ڕۆستەم