ئامۆژگاریکردنی ئەو کەسانەی کە ئەو بەیتانەیان پێ درۆن

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  675 بینین
یەک پیرە مرۆیی کۆن و دوڕ ناس
ئەو باوەیی وا لەبۆ کدم باس
بەو بەیتە نەڵێی فیداناسناوی ئەدەبی درۆیە
مێژوویەکە بۆ گەلی ئەتۆیە
کوردان کە هەیانە سەد بەسەرهات
کێ بێ سەری لەو دوڕانە دەرکات؟
گەر بەیت نەبایە دەس بە دەستە
باسی نەدەبوو لە باو ئێستە
نووسین کە نەبوو لە خاکی کوردان
ڕووداوە بە بەیت و بەند دەگوتران
گەر باو نەبایە نەتدەزانی
ڕوو داوەیی خاکی نیشتمانی
بڕوانە هەزار ئەحمەد ئاغا
کەوتوونەوە هەر ئەلەو وەجاغە
ئەو کێو و چیا و نیشتمانە
بۆ میللەتی کورد جێ ژیانە
جێ مۆڵی مرۆیی دەنگ دلێرە
ئەو دایکی چەن هەزار شێرە
مێژوویی گەلان تۆ ببینە
نوسراوە هەموو لە ڕوویی سینە
هەرچەن خولی لەو زەمانە دیوە
دەستی لە گەلی نەپچکڕیوە
هەر هاتووە دەس بە دە دەگەڵ خۆی
نەبڕاوە وەکوو هەوەڵ مەزە و بۆی
ئەو مێژووە کۆنە بۆیە ماوە
گوتراوە لە نێو گەلا بە باوە
خولدانی زەمانە هەر بە ساڵێ
نەیکرد کە لە سینگ ڕای بماڵێ
نەخشاوە لە سەر دڵا دەمێنێ
چۆن چەرخی زەمانە دەی دڕێنێ؟
عیشقی گەلە نوسرا لە سینگان
جا کەوتەوە بەر دەسی زرینگان
تا سۆزەیی عیشق بێ لە خەڵکا
ئەو بەیتە هەیانە بۆ مە کەڵکە
گەر باو نەبایە یەک دەرەندوو
کێ بوو کەوە پەی بەرێ بە مێژوو؟
ڕابردووەکان ون دەبوونە
وەک پارەیی ئادەمی چەتوونە
بێ خۆش خودا لە باو و دانەر
بخواتەوە ئاوی ڕوونی کەوسەر
ئەرکی ئەو گەلی کە دی لەسەر شان
مێژوویی زەبت دەکرد بە بەیتان
هەر بەیتە کە دەیدەیە لە زارێ
خۆ بەڵگەیە بۆ شوێنەوارێ
ئەو بەیتە دەڵێ چیایی کوردان
خاڵی نییە قەت لە شێرەمەردان
هەر لاوێ کە دێتە دەر دلێرە
لەو بیشەیە پڵنگە یا نە شێرە
با کورد هەموو ئەوەی بزانن
مێژووی گەل و هۆز بەیتەکانن
سەربەرزی گەلان ئەو کەسانەن
بۆ پەرچەمی باو دەس بە شانەن
چەن خۆشە لە باسی میللەتی خۆت
بەیتێکی لەبار گەر دەڵێن بۆت
دڵ هێندە بە باوی گەل دەبێ خۆش
دنیایە هەموو دەکا فەرامۆش