وەڵامی ئەحمەدئاغا

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 1 خولەک  663 بینین
ئەو خانەیی بێ ڕەزا و لاوە
ئاوا دەگەڵ ئەو گوڵەی دەدواوە
فەرمووی کە لە بیری ئێوە ماوە
ئەو شیوە و ئەو کوڵەی سەر ئاوە؟
ئاوت کە بە جامی زێو وێدام
من توڕە لە تۆ دەبووم و تۆرام
نەسرینە کە ڕوویی تێ نەکردم
ئەو هەم کە بە خۆوە دی دەمردم
دەمگوت بە محەمەد و بە یاسین
دۆخینمە هەتا گرێ بە نەسرین
نەکرێتەوە، نامژم دەمی ئەو
من نابمە شوو و هەمدەمی ئەو
جا بۆیە لە کەژ کە دەمڕفاندی
تا ئەو دەم و کاتە نەمژەکاندی
ئەوڕۆ کە وەهایی تۆ لە بۆیە
دەمدایەوە پەنجەکەم لە تۆیە
ئەی دڵبەرە خاترت ببێ جەم
پەروانەیی ڕوویی تۆمە تا هەم
بۆ کەوتیە بۆڵە و بەهانە؟
مەدوێ لە گلە و شکایەتانە
ڕابردووە ڕۆیی چی کەبوو بوو
تۆ مەی کە بەشانە هەر وەکوو موو
بەو باسە حەواس بۆ دەکەی پەرت؟
ئەو جەرگە پەڵاسە بۆ دەکەی کەرت؟
بەو ڕاز و نیازە و بەو وتانە
ئێوارە دەگەییە ئەو دوانە