نەخشەی شێخ بۆ هێنانی ئەحمەد

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  663 بینین
سەرپاکو کوڕی چڕ و تەلانن
خۆ ئێوە هەموو ئەوەی دەزانن
گەر شێرێ لە جەنگەڵی مەدایە
ئەو شێرە لە بۆ خەڵک بەڵایە
ترسی هەیە غوولی ڕەش لە تەرزی
دنیایی لە هەیبەتی دەلەرزی
هاتوونە خواری موو و یاڵی
دێوەزمە لە ڕەنگی ئەو دەناڵی
زاری بە پڕیشکە وەک تەنوورە
دەی گرفە و نەعرەتەی لە دوورە
وەک فیلە بە غیرەت و بە سامە
وەک بورجە بە دیمەن و زەلامە
چون هێندە بە سامە شایی پیشە
لەو خاکەیە ناکرێ چ ئیشە
ئەو پیشە ئەوەندە نائەمینە
بێ کێڵگە و چۆڵە ئەو زەمینە
باڵندەیە لەو مەکانە بێ یاڵ
لەو جێیە فڕێ دەدا ڕەخش ناڵ
فەرماندەیی لێڕە وار چوخری
لەو بازە درنج و دێوە دەخوری
نامێننەوە جانەوەر بە ساغی
ڕووکەن لە نزاری شێرە یاغی
بۆ چارەیی شێر وایە بیرم
ئێوەش کە ببن بە دەستگیرم
بۆ خزمی بە جەوهەر و دلێرم
کاک ئەحمەدە نامە گەر بنێرم
ئەو لاوە کە هات و گەییە ئێرە
بەو قاقەزە کارەکەم بە خێرە
جا ئەو دەمە لێرە کۆڵ نادا
ئەو شێخەیە لەو مرۆیی سادە
ئەو دێوەیی من دەکەم بە گژدا
تا بەڵکی بە شێرە خۆ بە کوژدا
گەر ئەو کوڕە لەو شەڕەی بکوژرێ
ئەو کیژە بە شوویی دیکە دەدرێ
گەر هاتەوە دەر ملی لە تەپکە
بەو ئاسکە ناکرێ چ ئەتکە
ئەو جارە کە ئەو بە ڕوویی سوورە
نابێتەوە لەو وڵاتە دوورە
بۆ ئێمە دەبێ بە شۆڕە کابان
هۆشی هەیەتێ دەگا لە دابان