سکاڵای بەیبوون لە دەسی شێخی عارەبان

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 3 خولەک  782 بینین
بەیبوونی بەخت ڕەش و پەرێشان
کاکۆڵی لە مل دەبۆوە پەخشان
زانی کەوە بەختەکەی کڵۆڵە
بە گڵۆڵە خڕۆڵ ئەبێ لە دۆڵە
فەرمووی بە ناڵە و بە شیوەن
بەو شێخەیی دیوەڵووکە دیمەن
شوودارم و مەمڕفێنە ئاغا
بەیبوونم و مەمژەکێنە ئاغا
ڕوحمی بکە شێخ تۆ بە حاڵم
بۆ ئاورە بەر دەدەی لە ماڵم؟
من ئەو قۆڕە هەر دەبێ بپێوم
ئاوارە لە بەندەن و لە کێوم
نامووس و شەڕافەتم مەڕێژە
تاڵی خەمە تۆ بە من مەچێژە
تەیرێکم و دڵ وەکوو کەبابم
گیراوم و خۆ لە بۆوە نابم
هاوار و سەڵامە سەر بە هەش بووم
بێ ڕێزم و چەندە چارەڕەش بووم
بۆچیتە ئەتۆ مەلێکی غەمگین؟
دوو دیدە هەمیشە پڕ لە ئەسرین
کەوتوومەتە نێو قەفەس وەکوو کەو
نەمماوە لە چاو و دیدەدا خەو
مەردی بکە تۆ لە خودا بەرم دە
بەس پەنجە لە زێو و زیوەرم دە
بەس قۆڵ لە گەردەنم وەرێنە
بەس داو لە کەزیە هەڵپسێنە
بۆ پەنجە ئەتۆ دەدەی لە سینەم
بەو کارەیە زۆر ئەکەی لە کینەم
ئەو ڕێگە کە کە تەرتەوا لە بەرمە
بەدبەختییە چی کە دی بەسەرما
لێم لابدە من حەڵاڵی تۆ نیم
لەو کێوە بزانە ماڵی تۆ نیم
ڕزگار لە چەنگی ئێوە گەر بم
وەک سۆنە لە ئاو خۆ دەکەم قم
تۆ مەزنی و پێشەوا عەزیزم
من بێکەس و بێ دەر و کەنیزم
بخوازە ئەتۆ کچی لە پاشا
شازادە نەجیبە بۆ وەباشە
کەی هەمدەمی تۆیە ڕێبوارێ؟
ڕوخساری کە زەرد بێ بەهارێ
سەرشین و قەلەندەر ئەو لە قۆڕماو
پەروانەیی باڵ و پەڕ پڕووزاو
هاورازە دەگەڵ ئەتۆیی نامەرد
دووچارە بە چەندە وەرهەم و دەرد
بمکوژە بە خەنجەر و بە ساتۆر
تا شەربەتی غەم نەکەم بە پێخۆر
تۆ بازی و کەو شکاری تۆیە
ئەی بولبولە غونچە یاری تۆیە
نەک بۆرە ژنێکی بۆر و ناتەرز
بۆ بیخەیە داو لەو کەژی بەرز
ئەو شۆڕە سوارە گەر جوانە
شوویی منە، شێخ تۆ بزانە
ڕوحمی کە بە من نەکەی بەوی کە
تۆ شەرم و حەیا لە ڕوویی وی کە
ئەو لاوەیی ڕەنگ شێرە، شوومە
بۆ ژین هەناسە و پشوومە
ئاغایی بە هیممەت و بە ویژدان
ناکا چ خەیانەت ئەو بە میهمان
بەو شێرە لە بۆ دەکەی خەیانەت
بێ بەش لە شەرافەت و ئەمانەت
ئەحمەد مەکە بەو بەڵایە زامار
بۆ عالەمە تا نەبێ بە گەپجاڕ
سەرکۆنەیی ئەو بکا کە دوژمن
سەرشۆڕە لە نێو خەڵک لەسەر من
بۆ دەی کەیە جێ گەمەی جحێڵان؟
ئەی کێوی درۆ و فەند و فێڵان