فریوخواردنی ئەحمەد ئاغا و چوونی بۆ لای شێخی عارەبان
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
706 بینین
ئەحمەد کە جوان و کەللە پڕ بوو
بێ باک وەکوو پڵنگی دڕ بوو
پێی شەرم دەبوو لەوانە لادا
بڕوا بە چیا و لابەلادا
بەیبوونی دەبرد سووک و ئاسان
دەیداوە بە دەس خودا نەناسان
دەیبرد کە مانگە ئەو لە نەخشەب
دێوانەیی کرد شێخی عارەب
بۆ خۆی و بە دولبەری جوانە
ڕووی کرد لە خێوەتی ئەوانە
نێزیک کە بووە ئەو لە خێوەت
هەر ئەو دەمە شێخی حیز فرسەت
دەیکرد لەوانە پێشوازی
دەیدانەوە هەر دوو دڵنەوازی
ئەحمەد کەوە دابەزی لە زینە
ئەو شێخە دەسی لە دەس ئەوی نا
فەرموویی دەکردن ئەو لە گوڵزار
بۆ چادری سووری سەر بە ژەنگار
دوو چادری گەورە هەڵدڕابوون
مافوورە لە نێو، ڕاخرا بوون
ڕۆیشتنەوە پێش وردە وردە
یەک عارەب و دوو چرایی کوردە
یەک سینە گڵاو و پیس و ناپاک
دوو گەنجی جوان و چوست و چالاک
دەیگرت کە سێرە شێخی بیژوو
وەک جەردەیی ڕێگەگر لە هەردوو
بەیبوون کەوە غونچە بوو دەپشکووت
چاوی دزە لەو ژنەی هەڵەنگووت
گەر ئاوری وێدەداوە بەیبوون
شەیدایی دەکرد و بوو بە مەجنوون
دەیدی کە بە دیدە چاوی مەستە
لەو جێیە گیانی نا لە دەستە
تیرێکی لە دڵ دەدا بە ئەبرۆ
بەو تیرەیە ئەو دەچوو لە سەرخۆ