وەڕێکەوتنی ئەحمەدئاغا و بەیبوون بۆ گوندی ناو پردان
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
875 بینین
پاش ئەو وتووێژە ئەحمەدی ژیر
ئامادە و ساز ئەبوو نەبوو گیر
بۆ خۆی و بە دوو مرۆ و بەیبوون
ڕێ کەوتن و وێڵی کێو و کەژ بوون
کاتێ کە سوار ئەبوو دەگەڵ یار
سەر عەرزە بەهەشت بوو بە گوڵزار
ڕووگەش بوو کوڵووکی نەوبەهاری
خۆیان دەکرد، گوڵ دیاری
گوڵشەن بە گوڵانی ئاگرینی
چیمەن بە کوڵووکی نازەنینی
سەرچاوە بە ئاوی سەرد و شیرین
کوێستانە بە دیمەنی دەرەنگین
دونیا بە گەڵایی سێو و کۆخی
دەیکرد بە بەهەشت و باغ شۆخی
ڕووی کرد لە بەندەن و لە دۆڵان
وەک باز دەکەوتە شیو و دۆڵان
ڕۆژێکی دەچۆ سەر ئەو لە دۆڵی
پێی ناوە لە یەک هەوارە چۆڵی
دەشتێ بوو نموونە بۆ تەمیزی
سەرچاوە دەهاتە دەر لە خیزی
ئەو ئاوە بە ڕەنگ و ڕوویی زێوین
وەک ئاوی ژیان بوو لە بۆ ژین
پڕ بوو لە گوڵ ئەو بە لەشکری گوڵ
دەیبرد گیان و گەوهەری دڵ
سەرتاسەری پڕ گیا و سەوزە
دەیدینەوە نۆ وەڵاغە بەرزە
ئەو هانە لەوێ لە بەند دابوون
وەک غوول لە نێو کەژ و چیا بوون
ئەحمەد کە بە وردی دەیڕوانی
نۆ دانە مرۆیی دین و زانی
گەر شێرە کوڕی کەژ و تەڵانن
ئەو خاوەنی نۆ وەڵاغەکانن