بیروڕای شاعیر لەبارەی عیلمدا

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 1 خولەک  835 بینین
لە بڵندە فڕۆکە گەر فڕەی دێ
دوو باڵی لە عیلمەوا گوڕەی دێ
زانینە دەکا بە خەڵکه نێو بانگ
دەیباتەوە تاکوو نێو کوورەی مانگ
ئینسانە بە ئاپۆلۆیی ئەمریک
چوو ئەو کورە ڕەنگ بۆری تاریک
هێنایە زەوی وەکوو دەزانی
بەو عیلمەیە گڵ لە دەشتەکانی
گەر کوورەیی مانگە وا لە دووری
دەیدا بە شەوێ لە عەرزە نووری
ڕووناکە بە تاو و نووری خۆرە
بۆ خۆیی سیا و ڕەنگ بۆرە
زانینە کە ڕوو دەکا لە تەونە
پێت وایە کە سیحرە یا نە خەونە
نازانی کە چۆنە دەسکری وی
تا نەچیەوە بەندەن و چڕی وی
بێ خاوەنە کەشتیەکەی عوروسان
هەستان و بە مانگدا دەنووسان
هەڵیان کە دەقەند خاک و خۆڵی
لەو عەرزە لە چەندە شیو و دۆڵی
گڵیان لە مانگی ڕەنگ تاری
هێنایەوە بۆ مە، بۆ دیاری
تا عیلم ببێ بە سەرنشینی
شۆفیری چلۆن لە سەر دەبینی
ڕانەندەیی بۆ دەوێ بە توندی
دەتوانێ بچیتە سەر کورەی دی