باسی وەگیان هاتنی ئادەم و پەیدابوونی حەوا و چوونیان بۆ بەهەشت

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  1000 بینین
دەتکرد ئەو لەبەر ئەو لەشی قوڕینە
گیانی کە هەوینی مان و ژینە
گیانی کە دەچووە بەرهەڵستا
وەک توولە نەمامە ڕادەوستا
نووری دەگەشاوە هەر وەکوو شەم
نێوی دەبڕاوە ئەو بە ئادەم
حەووا لە قوڕی لەش و پەراسووی
پەیدابووە ئادەمیش دەبوو شووی
دەبرانەوە هەردوو بۆ بەهەشتێ
بەربوونە گەڕان و سەیر و گەشتێ
گەر تاجی پەیەمبەری لە سەرنا
بابادەمی گەورە بوو بە زانا
هەرچی کرە ناوەکەی لە بەر بوو
لەو باسە فریشتە بێ خەبەر بوو
فەرموویە بە ئادەم و حەوایە
ئەو باغەیە خۆشە دڵگوشایە
تامی هەیە میوەکەی بێ ئەلێرە
بۆ ئێوە دەهێندەرێ بە خێرا
هەر میوەیی بووهەوێ لە جێوە
دەدرێتەوە ئەو دەمەی وە ئێوە
هەنجیری جوان و پڕتەقاڵە
نارەنجە وەیا بەهێی کاڵە
هەرمێیە یا هەنارە یا ترێیە
خورمایی لەو چەندە جوورە لێیە
یا قەیسییە یا نەسیو و توویە
بادام و گوێزە یا هوڵۆویە
هەرچی لە بەهەشتی ئێمەدایە
بۆ ئێوە بە لاشە بێ بەهایە
خۆراکی بەتامە ئەو بەهەشتە
دەکرێ کە لە لەنگەری و لە تەشتە
قەیماغەتوێی شیر و شیرە
دۆشاوە دەگەڵ کەرە و پەنیرە
خۆرشت و پڵاوە یا کەبابە
یا کفتەیە بۆ مەزەی شەرابە
لەو گەنمەیە دەم مەدەن مەچێژن
تا ئارەقی نەگبەتی نەڕێژن
شیرینە لەزار و دەم هەوەڵجار
ئەو تاڵە دووایە هەر وەکوو ژار