باسی ئەولیای کیڕام

لە کتێبی:
خەزنەی جەواهێر
بەرهەمی:
مەلا ئەحمەدی قازی پێنجوێنی (1920-1983)
 2 خولەک  804 بینین
وەلی ساحبی ڕوتبەیە وایە
شەهەنشای دنیای لەلا گەدایە
بۆت مەعلووم ئەبێ ئا بەم میسالە
کە چەند خاوەنی جاهـ و جەلالە
سوڵتانێ جارێ بینێ لە جێیە
مناڵێ خەریک ماڵە کۆچێیە
مەلیک وتی بەو تفڵە سێ ساڵە
ئەگەر تۆ بیدەی بە من ئەو ماڵە
منیش لە باتی ئەوە بێمنەت
ئەتدەمێ تاج و تەختی سەڵتەنەت
چون داعی جاهـ و ئیستیلای نەبوو
لە ژێر ئەو سەودا بە جیددی دەرچوو
چون ئەبێ بەشەر سەرف بکا عومرێ
ئەوجا داعییەی جاهی پێئەدرێ
بەزەیی هاتۆ شا بەو مناڵە
کە دڵ خۆش ئەکا بەو نەختە ماڵە
هەروا گەر وەلیش بڵێ بە شایە
ئەتدەمێ هەرچی لە شەئنمایە
بەو شەرتە کە تۆش تاجی سەڵتەنەت
لە جیاتی ئەوە بە منی بدەیت
مەعلووم مەلەکیش بەو موعاوەزە
وەک عەینی مناڵ تووڕە و عاجزە
وەلیش شەربەتی حیرەت نۆش کا
کە ئەو شا دڵی بە چی خۆش ئەکا
لەم تەمسیلە تۆ سەرسام مەمێنە
دووکەڵی ئینکار بە دڵ مەیەنە
وەلی کەسێکە دۆستی خودایە
بە دڵ موستەغنی لە ماسیوایە
دایم تەسلیمی قەبزەی قەزایە
ئەو لە حەق ڕازی و حەق لەو ڕەزایە
گەرچی بە جەسەد لە ناو سووتایە
بە ڕۆح لە جەولەی مەلەکووتایە