شەیدایی گوڵ
لە کتێبی:
دیوانی ئەمین ئوشنوویی
بەرهەمی:
ئەمین ئوشنوویی (1889-1954)
2 خولەک
1078 بینین
ئیمڕۆکە لە هیجرانی تۆ بیمارە دڵی من
شێواو و پەرێشان و بریندارە دڵی من
داییم وەکوو نەی خەسڵەتی هاوارە دڵی من
موشتاقی مولاقاتی ڕۆخی یارە دڵی من
وەڵڵاهی بە عیشقی تۆ گرفتارە دڵی من
شەو تا بە سەحەر موونسی دڵ فیکر و خەیاڵە
گاهێ غەمی هیجرانە گەهێ زەوقی ویسالە
من موشتەریی ڕوویی تۆ ئەی ماهی جەماڵە
سەییادی مەل و عاشقی دوو چاوی خەزاڵە
بەو یوسفی کەنعانی خەریدارە دڵی من
وا تێ مەگە گەر هەیکەلی من زاهیری ساغە
وەک لالە دەروونم هەموو لەو هیجری تۆ داغە
پەروانەسفەت مەقسەدی من ڕوویی چراغە
وەک بولبولێ هەر حەسرەتی من دیتنی باغە
شەیدایی گوڵ و تالیبی دیدارە دڵی من
هەر شەو لە فیراقی روخت ئەی شەمعی یەگانە
سەیلابی سروشکم لەو دوو چاوانە ڕەوانە
بەو تیری غەمت قەلبی حەزین بۆتە نیشانە
ئەو دڵبەرە تەرسایە لە عیشقی خۆ بزانە
سەنعانی سفەت، تالیبی زیننارە دڵی من
گیانە وەرە روحمێ بکە بەو ئەمنی حەزینە
جەرگم لە فیراقی تۆ هەمووی کۆنە برینە
لێوت بە مەسەل شەکرە، وە یا قەندی شیرینە
ئەو مەڵحەمە بۆ دەرد و دەوای گیانی ئەمینناسناوی ئەدەبیە
موشتاقی ڕوخی دڵبەرە دووبارە دڵی من