شەوقی جەماڵ

لە کتێبی:
دیوانی ئەمین ئوشنوویی
بەرهەمی:
ئەمین ئوشنوویی (1889-1954)
 1 خولەک  1041 بینین
ئەگەر بەختم بکا یاری کە ڕۆژێک بێمە ماڵی تۆ
بە چاوی خۆم تەماشا کەم هەمان ماهی جەماڵی تۆ
حەیاتی زیندەگانی عومری تازە بۆم دەبێ حاسڵ
وەکوو خزری بنۆشم من ئەگەر ئاوی زوڵاڵی تۆ
دەڵێن جێژنی موبارەک دێ هەموو عالەم کەیفخۆشن
لە بۆ من جێژن ئەو ڕۆژە کە پەیدا بێ هیلالی من
ئەگەر چی فاییدەی نادا لە عیشقی تۆ وەها بمرم
وەلی چ بکەم مەحو نابێ لە دڵ یەک دەم خەیاڵی تۆ
غەریقی بەحری فیکرانم جنوونی دەشت و کێوانم
دەر ئاخر عومری خۆم ڕوونە، فیراقی ماهـ و ساڵی تۆ
تۆ شەمعی مەجلیس ئەفرووزی منی بێچارە پەروانە
دە ئاخر خۆم دەسووتێنم لە بۆ بەهری ویسالی تۆ
«ئەمینناسناوی ئەدەبی» ئەوڕۆ ئەمینی تۆیە ئەی شەمعی جیهان ئارا
کە معلووم بوو لەوی دوێنێ شەوێ شەوقی جەماڵی تۆ