زەنگی شۆڕشی کرێکاران

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 3 خولەک  784 بینین
ئاو و گڵی ئەم سروشتە
بۆ پێویستی خەندەی مرۆڤ
دەکەین بە هۆنراوەی ژیان
پێستی ئەسمەری ئێمەیە،
بەرد و خشتی خانوی بەرزو، شەقامی شار،
دەشێلێت و ئارەقەی خوێن
هەڵدەسوێ لە گیانی دیوار
ئێمەی هەژار، بە تەشی و تەونی بیری ژان
پێست و خوری، لە گارگەی دەست و پەنجەدا
کەوش و بەرگی ئادەمیزاد بەرهەم دێنین
هێشتا نیوەی جامی ڕەنجمان
بۆ ماندوێتی لەش ناسێنین
***
ئەگەر ئێمەی بەلەنگازان
شوانی هەمو پەزی گیا بین
گۆچانی مێشکی گڕ گرتوش
خۆ دەتوانێ
فیوداڵ بۆ یار هەڵگرتنی ڕێ ڕاگرین
ئێمەی هەژار، ئێمەی ئازا
خۆ دەتوانین خوڕەی روبار، گەواڵەی قین
بڕژێنینە سەر شێرە بەفرینەی زەمین
ئێمەی هەژار.. دەمانەوێ سەرکردایەتی گەل بکەین
کوتەک بەدەست، دەبێ هەردەم لە سەرکەوتن دڵنیا بین
ئێمەی نەبەز، پێشمەرگەین و
دەبێ لە چەکدارانی دوێ ئێمە جیا بین
***
ئەگەر ئێمە، ڕەوتی هەموو زێرابەکان
لەناو بۆڕی ژێر شەقاما بخنکێنین
چڵک و گەردی کۆڵانی شار
بەفربەندی گەسکی تێڵا
ئارەقەی سواڵکەر بڕژێنین
چۆن ناتوانین، چەوسێنەر وەک پەز لێخوڕین
چۆن ناتوانین، خوێنمژی گەلمان سەربڕین
وەکو چۆن بیر، بە ناوی مێشکی ئێمەی تینوو، ئاگر دەگرێ
وەک چۆن گوللە بەناو لولەی کڵاشنکۆفا ڕێگەی دەبڕێ
چۆن برسێتی ی نان دیل دەکا و
لیکاوی گەدە دڕژێنێ
واش دەست و تفەنگی ئێمە، بە خوێنی سوور
یاسای دەوڵەت، لە بۆرژواکان دەسێنێ
دەوەنی گڕ، ئەگەر لەناو هەرچی زەوی و کێڵگەکانی
چەوسانەوە و ئازار هەیە
بە هۆ هۆی دەنگ و حەیرانی ئێمە بڕوێ
گەر تەبارەی هەرچی خەمی ژیان هەیە
ئێمەی سەپان دروێنەی کەین
ئەگەر دەستی جوتیاری دێ
بە شنەبای خەرمان بسوێ
بۆچی هەرچی تەمبەڵ هەیە
سواڵکەر نەبێ
بۆچی هەرچی ماندو نابێ و حەساوەیە
لە ژێر دەستی ڕەنجدەر نەبێ
***
ئێمەی هەژار... وا پۆڵا دەتوێنینەوە
هەرچی چەکی قوسیش هەیە
ڕەنجی ئێمە باری دەکا
لەمڕۆ بەدوا هەموو ئارەقەی ڕژاومان دێنینەوە
***
ئێمەی هەژار…ئێمەی ئازا… وا پۆڵا دەتوێنینەوە
هەرچی خەمی قورسیش هەیە
بەسەر پردی ئێمە دەڕوا
ئەی بۆ خوێنمژ گوللە بێت و
لەناو لولەی زامی خۆمان،
تێمان خوڕی!
بۆچی ئێمە، ئێمەی برسی، ئارەقەی چاو بخۆینەوە
بۆ سەر لەنوێ، بۆ ڕاپەڕین
بۆ شۆڕشی یەکجارەکی نەژیێنەوە
ئێمەی کارگەر، چاک دەتوانین
ناڵەی هەژار، خەمی کۆمەڵ
لە شەوی تون.. بۆ هێلانەی هەتاو بەرین
ئێمەی هەژار، چاک دەتوانین، لە کێڵگەی خوێن
لە کانی نەوتی ئاگرین
لە سەنگەرا.. دەست لەملی سۆشیالیست بین
چاک دەتوانین، لە مردنیش یەکسان بژین
***
ئێمەی هەژاری پێشمەرگە کڵاشنکۆفی برسێتیمان
تۆپی تینووی دیلێتیمان
دەڵێ: ئاڵای ڕزگاریمان، با دژی چەوسێنەر هەڵکەین
لە خاکی شۆڕش و تفەنگ، هەرچی کارگەی سوورە
لە کوردستانی کارگەران
دەبا بڕۆین.. بڕۆین لەگەڵ ئاوازی جەنگ