هەست و شانازی

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 1 خولەک  696 بینین
بۆ بزەیێک سەربەست ژیان
خۆم لەلیستەی ژینا ئەسڕم
تا کاروانی هیوا ئەگرم..
گورج بێ ووچان..
بازووی هەڵمەتی تێکۆشان
ئەخەمە کار..
لە لادێ و شار..
بۆ نووزەی پرشنگی هیوا
ئەو تیشکە پیرۆزەی کەوا
هەر بستێکی بە خوێن ئەکڕم
وەک پەپوولەی ئۆمید ئەفڕم
بەدەوریدا ئەخولێمەوە
یا تێ ئەچم ئەتوێمەوە
با نەمامێ لەو ئاواتە
لەم وڵاتە ئەڕوێنمەوە
پەڕەی دڵی بۆ ئەکێڵم
بە لووتکەی خوێناوی کێلم
ئاودێر ئەبێ بە ئەسرینم
بە تێکەڵاو تنۆکی خوێنم
تا دێتەبەر..
بۆ سەپان و چینی ڕەنجدەر
جا بەیانی زۆر بەپەلە
لەگەڵ گزنگی دەم کەلا..
وشەی موژدەی بەخوێن نووسراو
هەڵئەواسرێ بۆ گۆڕی (لاو)