واز دێنم

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 1 خولەک  705 بینین
تۆ بووی تەلاری ژیان و هیوا
لەباخی تۆدا گوڵاڵەم ڕوا
با ئەو تەلارەش بۆ من ڕووخابێ
ئەو گوڵەش لەباخ سیس و بێ ئاو بێ
بەختیاری ژینم: ئاهـ و ناڵینە
کام دڵداری ڕاست بەشی بەزینە!
واز دێنم ئیتر لە ژین دەس ئەشۆم
یەخەی تۆ ئەگرم خودای بەختی خۆم
دڵداریم لە کۆش ماتەمی غەمە
ڕۆژی ڕووناکیش بۆ من هەر تەمە
ساتێ بەخت گشت کە بەش کراوە
تەنیا هەر بۆ من ئەوەندە ماوە!
یا بە زیندوویی نقوومی گڵ بم
یا بۆ بێبەشی ژیان و گڵ بم؟!
چێژتم دۆزەخی تاڵی و ئەشکەنجە
بۆ بژیم لەداخ بەبای ئەو ڕەنجە؟