ئەندێشە و یاد
لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
1 خولەک
762 بینین
خەونە ئەبینم یا، ڕاستە گیانە..؟!
باڵم تێ هەڵسووی، ڕان لەسەر ڕانە
چەند بە تاسە بووم، بۆ ئەم ئاواتە
دڵ وا پەرژینی دەوری باڵاتە
نازدار، با پەردەی سەردڵی خوێنین
بکەین بەتارای خەوی خۆشی ژین
بەناز ژیرم کە لە لێوی گەرمت
با جەستەم کپ بێ بەتەنی نەرمت
پارسەنگی مەمەت وان لەسەر بازوو
وەک یەک گرانن بێشکەی ئارەزوو
وێڵی و کەم ژیریم پێت دائەمرکێ
کە دەس لەمل بین ئەبین بە چەپکێ
گیانی پیرۆزت گەنجینەی گوڵە
گوڵزاری خۆمە و بەهەشتی دڵە
وەک مێشکەی چاوگێڕ، مناڵی گریاو
جا تەشکت ئەگرم، بۆ فرچکی ناو:
باوەشی گەرمت وەکو (قۆزاخە)
جێی لەیاد چونی خەفەت و داخە
بە پێ ڕۆچکەی ورد، پێو پا ئەکەم
ئەمژم شیلەی سۆز لەسەر (خوان)ەکەم