هۆ... شوان
لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
1 خولەک
857 بینین
کاکەی شوانی چاپووک و دلێر
دڵسۆز، بلیمەت، بۆم لێدە بلوێر
بیلاوینەوە جیهان بێنە جۆش
بە (لاوک)و (حەیران)لابەرە خامۆش
بەرامبەری دێ سۆزت ببەخشە
بۆ ڕاو، شوێنت دابنێ نەخشە
بۆ رۆخ رووبارێ لەوەڕگەی جاران
دانیشە لە ژیر سێبەری داران
هەڵکێشە (ئاهی دەردی دڵداری)
ڕووکەرە کێوو لوتکەی هەزاری
ئەم خاکە جوانەی سروشتی ژیان
دەنگی ئاگرین هەڵدە بۆ گیان!
دەم دەم ئەگۆڕێ شوێنی ئاژەڵت
هەست و هیوای نوێ ئەچێتە دڵت
بۆ ژێر کەنداڵی بەرامبەری دۆڵ
دەنگ ئەداتەوە ئاوازێ بە کوڵ!
ئینجا لەسەرخۆ بە شمشاڵەوە
بۆ بەرایی، ڕان بەرەو ماڵەوە
گۆچان هەڵئەبڕی خۆ ووریا ئەکەی
پسپۆڕ و زانا ئاژەڵ ڕێ ئەخەی
کە خۆر ئاوابوو ڕووناکی بڕا
مەل بۆ هێلانە گشتی هەڵفڕا
مێگەل دێنیەوە بۆ نێو قەرسیلی دێ
پاشی ووچانێ، دیسان دەس بەجێ
ئەڕۆی بۆ (شەوین) بە تاریکی شەو
چاوت وێڵ ئەکەی بۆ لێک نانی خەو
گۆرەوی (چلین) لێ هەڵئەکێشی
لە گەرما و سەرما ئەڕۆی بێ ئیشی
خوا بتهێڵێ کاکی شوانی لاو!
کە جێی دێنی ڕاژەکەت تەواو