یادی دێیەکەم
لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
1 خولەک
941 بینین
تۆمارە لەیاد دێکەی ڕابردووم
شوێنی مناڵیی و ڕۆژانی زیندووم
ئەمبەر و ئەو بەر سینەی دێزە چیا
ئەڕوانێتە دێ ڕووبار لە بنیا
تارایی سەوز و ئاسمانی شینی
هاتی دەغڵ و دان بەرزی پشتێنی!
بالۆرەی کچان لەسەر کانی و ئاو
ئەزرنگێتەوە ڕووەو گوچێکەی لاو
تەپەی سواری ڕاوکەری نێو دەشت
گورج تێ ئەپەڕێ بەرەو ڕووی بەهەشت
دەنگی بەسۆزی بلوێر و شمشاڵ
تەزوو ئەخاتە ناخی ژینی تاڵ!
باوەشی قەرسیل لەدەوری ماڵان
جوانی جیهانی بردووە بەتاڵان!
گفتوگۆی سەپان بۆ کاتی درەو
بۆ ئامادەبوون پرسیارە یا گرەو
ئیتر چۆن بژیم لە دوور ئەم دێیە؟
دڵم یادگاری ئەو کاتی پێیە:
کە دائەنیشتم لە شوێنی گوڵان
ئەمنواڕی یە کانی بەردڵان
ئاڕاستەم ئەکرد توانجی دڵداری
بۆ نازەنینینێ، گوڵی بەختیاری!
دیمەنیم ئێستاش وەک خەونە لەیاد
لەڕووگەی شادیم بۆ ئادەمیزاد
بۆیە کە پەنجەم بە پێنووس نەخشی
تیشک و پرشنگی ئەوێ ئەبەخشی!
بە وێنەی چیا، کانی، یا ڕووبار
هونەری پێ دام تا هاتمە گفتار