گۆرانییەکی خنکاو

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 1 خولەک  837 بینین
هەڵگەڕام بەکێوی دڵتا
تا تۆم خۆشویست
گەڕام لەدوای ڕووی وەک گوڵتا
تا بەدیلی، ناوی تۆم بیست.
*
خنکاوی چاوی گیانی تۆم
توامەوە لە ئارەقەت
بۆ فریشتەی یاد خەم دەخۆم
بۆ سێبەری مێژووی لەت لەت
*
گیانی شیرین...
لە بازاڕی هەستی رەشا
مەزات دەکرای
بەقەپاری گازی دینار... لە باوەشا
لەژێر بەزەیی جامبازا
دەبرای، دەخورای
*
کەباڵیۆزی خۆشەویستیم، ناردە چاوت
لەخۆری ویژدان خۆم بینی
لەسەرمایەی بڕوای بتەو
نووسیم ناوت... نووسیم ناوت
هەڵمهێنا چاوی گەشی ڕۆژێکی نەو
*
گیانە گیانە... بڕواییت بێ
تۆ ئاوازی خۆشەویستی ڕەنجی تاڵی
لەباتی خەم... با شاییت بێ
تۆ بەرهەمی سروودێکی وشەی قاڵی