ئەو نووسەرانەی دەروونیان چاڵێ بەفرە

(بە بۆنەی بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی نووسەرانی کورد لە هەولێر بەسترا... هەڵبەتە هەموو نووسەرێک ناگرێتەوە...)
لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 3 خولەک  1076 بینین
یەک، دوو، سێ، چەند ئاسانە
تفی سەرشۆڕی دەژمێرێ و... وشەی دەمی وەک هەسانە
گەڕان، گەڕان، لە کۆڵانا...
لەشارەکانی خۆمانا...
تا... (بژی)و (با)ی تیا بنووسن
هەرچی گڕە...
هەرچی دارستانی چڕە
بەسۆپەرمانی عەنتیکە
دەیانەوێ شاخ و دۆڵیش، داپەڵۆسن
*
ساڵ ژماردن، پوول ژمارن، زۆر ئاسانە
تفی سەرشۆڕی بژمێرن!
وشەی داسی درۆکانتان، وەک هەسانە
چاوی رستەکانی ئێوە، کەم بینایە
تانەی ترسەنۆکی تیایە
گیرفانی وشەی کۆنگرەتان
وەک گیرفانی (بەخۆکە)ی شێت پێرار، برا
وەک جەڵەبی یاسادانانی (ئاغەکان) بەشەو کڕا
شەهید (شەهاب)جەعفەر، ئەنوەر
عوسمان گڕو، مەجید کەریم وەستا ئەنوەر
کرێکاری کارگەی هەولێر
جووتیارانی دێهاتی پڕ لە خێر و بێر
چاوی ئێوە، نایان بینێ
لە کونجی گەرمی زیندانا، لە کوشتن و تێهەڵدانا
وشە کوێرەکانی ئێوە... نایان بینێ.
*
پەت و سەکۆی سێدارەکان
بۆتە یانەی ئێوارەی ژینی لاوەکان
لە سەعاتێ هەزاران جار...
(سۆندە)ی کێبڵ بن پێ ی خوێناوی ماچ دەکا
دادی زللە، قژی مێژوومان قاچ دەکا
ئەدیبەکان...
وشەی ترسنۆکی ئێوە... ئەم دەنگانەمان نابیسێ
لەخوێن، لەگڕ، لەلافاوی چەوسەوەکانا، دەترسێ
ئەگەر دەیان کۆنگرە بگرن.
بەری خۆری زامەکانی هەژار ناگرن
*
ئەدیبەکان
ئێوە لە شار کۆنگرە بگرن.
ئێمەیش هەرچی شەهید هەیە
لە ژێر لێدان، شەقی پۆستاڵی «دوگلەدا»
لەسەر سەکۆی سێدارەکان
لەفەلاقەی هەموو جەمێکی زیندانا
هەرچی شەهیدی خۆر هەیە... دەیان ژمێرین
هەرکێ ی لەناو تەونی دیلی ئێوە دەمرن
دەیان ژمێرین
کردەوەکانتان دەبژێرین.
*
پووڵ ژمارن، ڕۆژ ژمارن، ساڵ ژمارن
چەند چرکەیەکی پێش مردن
زۆر هاسانە...
بڕیارەکانی کۆنگرەتان
داسی کولی «ساڵحاغە»یە...
مل پێچی (رەش)ی لە ملە و.. بە فیکەیێ لە حەیرانە
بڕیارەکانی کۆنگرەتان...
(حەمە ڕەزا)ی شێت نابینێ.
کاتێ کەپێی نەڵێن (دەروێش)،، بەشی هاوار و گریانە
زامەکانی... هی (چوارچرا) ی گۆڕستانە.
*
ئەدیبەکان...
داوی وشەی کۆنگرەکەتان...
گەر چۆلەکە بۆ شازادەی پاشا نەگرێ
رەوە کۆتری سەر بڕاو
بە دیاری بۆ گیرفان نەبرێ...
نابێ...! نابێ...!!
ئەگەر درۆی هەموو دنیا، بکەن بە بلوێری حیزی بلوێر ژەنێ نانی (کانە) تان نادەنێ...
 
دوگلە* بەعەرەبی راست (دق لە) لەدەزگای تایبەتی مەحکەمەی کەرکوک سەربازەکان نەیان دەهێشت دەست بەئاو بگەیەنین، خێرا بەویتریان دەوت دوگلە