کەوش... چەکوشی لا تاوانبارە

(ناوەڕۆکی دانپیانانم... تا لە دادگای کەرکووک پێ ی حوکم درام بە «٥» ساڵ و مانگێ)
لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 2 خولەک  920 بینین
دان پیا دەنێم: کەشکۆڵی ماسیم هەڵگرت و
تەوژمی ڕووبارێکم بەست
هێنام، نەوتی، خوڕەی تاڤگەی پێ ڕاچەنم
لەپڕ موچرکی کارەبا..
گڵۆپی تاریکیمی گەست
دان پیا دەنێم: هەژارێ بووم... لە کۆشکی ئاسمانی خۆرا
کە(مان) لەگەڵ (مردن) تۆرا
تیشکم بۆ تاریکی دزی
تێریم هێنا، تا لەسکی برسی رزی
دان پیا دەنێم: شخارتەیەک..دەسکەوتی گیرفان بڕینی، هاوینم بوو
پووشی ترسنۆکی زستان ... زستانی زام
کەسوتاو لێ ی لەهەرادام
دان پیا دەنێم: هێلکەی درۆی باڵداری (ڤالدهایم)م دزی
گۆڕیمەوە بە تفەنگێ
کەخەو جوجەڵەی هەڵهێنا... رابو سازی کڵپەی دەنگێ
دان پیا دەنێم: (ئافرەتێکی مەمک بڕاوی فەلەستین)
لەناو بۆخچەی قودسا دەژیا
دزیم هێنام…هێنام هێنام
مۆمێکم بۆ داگرساندو تێر بۆی گریام
دان پیا دەنێم: بیستم، بینیم (نان) دەستگیرانێکی دیلە
قاسەی دوژمن بێ کلیلە..
پڕم دایە..چەک و نان و دەستگیرانم
نایە کۆڵی بەرەبەیان
ئەمڕۆ لە دادگا گیران
یاسا وتی: دایکە برسی... لە ناو شەوی چەوساندنەوە تازە بووکە
دادگا وتی: بەپێی بڕگەی زاوای دزی تاوانباری
یاسا وتی: تۆی تاوانبار
بەپێی بڕگەی زاوای دزی توانباری
دایکە برسی. لەناو شەوی چەوساندنەوە تازە بوکە
منیش وتم: تەقڵەی لێدان..
لەکەلاوەی ئازاردانا... چەند بەهێز بێ. هەر چرووکە
هەر چرووکە.