لەگەڵ چەمی بەهارێکا من دێمەوە

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 1 خولەک  1043 بینین
باوک: بڕۆرەوە...
ڕۆڵە چەپکی حەزی گەرمی هیوای منی
قژی زەردی خۆرەتاوی، بزەی سواری و
زام و هاواری دوژمنی
بڕۆرەوە...
مناڵ: نەء بابە گیان
با بیابان...
لە ناو حوتی دەریای کەمەندی خەمدا بمکوژی
با وەکو تۆ
لە ناو سنوری حەپسێدا، گیان ببرژێ
نا بابە گیان...
بە روناکی چاوی بیرت
شەوی دووریم وێران دەبێ
بەڵکو بابە..
تەرمی خەمی هەر دوکمانیش
لە یەک کفنا... تەبا دەبێ
باوک: بڕۆرەوە...
بڕۆ ڕۆڵە، وەکوو گەڵا لە بەهارا
گیانی دەرەختی ژینی من
جێ مەهێڵە
کڵپەی عەشقی... ڕاپەڕینی
من بشێلە.